دادگاییکردنێک کێشە دەخاتە نێوان دژە تیرۆری عێراق و سەندیکای پارێزەران
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێکارەکانی دادگاییکردنی کارمەندێکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە دادگەی سەربازی، کێشە دەکەوێتە نێوان ئەو دەزگایە و سەندیکای پارێزەرانی عێراق و لە دوو رۆژدا سێ راگەیێنراو و روونکردنەوە لەبارەی ئەو کێشەیە دەردەکەن.
کێشەکە بەهۆی دادگاییکردنی کارمەندێکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بووە لە 11ـی کانوونی یەکەم، بە تۆمەتی ئەوەی چەند جارێک فەرمانی دەزگاکەی جێبەجێ نەکردووە.
سەندیکای پارێزەرانی عێراق، دوو رۆژ دوای ئەو دادگاییکردنە ئاماژەی بەوە داوە کە رێگە نەدراوە بە دوو پارێزەری ئەو کارمەندە بەشداریی دادگاییکردنەکە بکەن، بە پاساوی ئەوەی ئەو تۆمەتەی ئاراستەی کراوە "کەتن"ـە نەک "تاوان". ئەمەش بە پێشێلکردنی بڕگەی چواری مادەی 19ـی دەستوور لەقەڵەم داوە، کە باس لە گەرەنتیکردنی مافی بەرگری دەکات لە قۆناخی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا.
سەندیکاکە رایگەیاندووە، ئەو رووداوە ئاماژەیەکی "مەترسیدارە" لەبارەی کێشەیەکی بنەڕەتی لە کاری دادگە سەربازییەکاندا.
دەزگای دژە تیرۆری عێراق رۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەم، بە روونکردنەوەیەک وەڵامی سەندیکای پارێزەرانی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، ئەو رێکارەیان پشتی بەستووە بە یاسای سزادانی سەربازیی ساڵی 2007 و ئەو تاوانەی ئاراستەی کارمەندەکە کراوە "کەتن" بووە.
لە روونکردنەوەکەی دژە تیرۆردا هاتووە، دەستەی دادگەی سەربازی پرسیاری لە تۆمەتبارەکە کردووە کە ئاخۆ دەیەوێت پارێزەر بگرێت؟ بەتایبەت کە دوو پارێزەر ئاماژەیان بەوە داوە کە پارێزەری ئەون، بەڵام تۆمەتبارەکە ئەو هەنگاوەی رەتکردووەتەوە و ئامادە نەبووە ئەو دوو پارێزەرە بکاتە بریکاری خۆی. ئەوەش بە پارێزەرەکان راگەیێنراوە و بەوپێیەش رێگەیان پێ نەدراوە ئامادەبن، بەڵام سەرەڕای ئەوە رێگەی بەشداریکردنیان پێدراوە بچنە هۆڵی دادبینییەکە بۆ ئەوەی پرسیاری ئەوە لە تۆمەتبارەکە بکەن کە دەیەوێت بیانکاتە پارێزەری خۆی؟ و جارێکی دیکەش ئەوەی رەتکردووەتەوە. "ئەوەش بە دەنگ و رەنگ تۆمار کراوە".
عەلی نعێمی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەندیکای پارێزەرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: کێشەکە پەیوەندیدارە بە مادەیەکی یاسای رێکارەکانی دادگەی سەربازی، کە ئەگەر تۆمەتبارەکە لە دۆسیەی "کەتن"ـدا پارێزەر نەگرێت، دادگەکە پارێزەری بۆ دابین ناکات، بەپێچەوانەی دۆسیەی "تاوان" کە ئەگەر خۆشی پارێزەر نەگرێت، دادگەکە پارێزەری بەرگریی بۆ دەستنیشان دەکات.
ئەو کێشەیە بەهۆی مادەی 42ـی یاسای رێکارەکانی دادگاییکردنی سەربازیی ساڵی 2016 بووە، کە بە گوتەی عەلی نوعێمی، دەبێت ئەو رێکارە چارەسەر بکرێت.
رۆژی یەکشەممە، سەندیکای پارێزەرانی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو مادەیەی یاسای رێکارەکانی دادگاییکردنی سەربازی، پێشێلکاریی دەستووری تێدایە و روونکردنەوەکەی دژە تیرۆری عێراق دان بەو پێشێلکارییەدا دەنێت.
سەندیکاکە دەڵێت: "پێویستە چاو بەو داڕشتەیەدا بخشێنرێتەوە و لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا پێشکەش بکرێت، بۆ ئەوەی بە نادەستووری بناسێنرێت."