بانکی رافیدەین تەرخانکردنی یەک ملیار دیناری دیکەی بۆ "دەستپێشخەریی پێشەنگی" راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

بانکی رافیدەینی عێراق تەرخانکردنی یەک ملیار دیناری دیکەی بۆ دەستپێشخەریی پێشەنگی بۆ پشتیوانی لە پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان راگەیاند. راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: "دەستپێشخەرییەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە". 
 
بانکەکە تەرخانکردنی 46ـەمین بەشی دەستپێشخەریی پێشەنگی و نایابی بۆ پشتیوانی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان راگەیاند کە بڕی پارەکە 1 ملیار دینارە. 
 
بە گوێرەی بانکی رافیدەین، تاوەکو ئێستا پارەیان بۆ (4643) سوودمەندبوو خەرج کردووە و کۆی گشتی پارەکەش گەیشتووەتە 59 ملیار و 914 ملیۆن دینار.
 
دەستپێشخەرییەکە ئێستا بووەتە (بەڕێوەبەرایەتیی پێشەنگی و نایابەکان) و حوسێن فلامەرز تاهیر بووەتە بەڕێوەبەری گشتی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە.
 
حوسێن فلامەرز ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەستپێشخەرییەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".
 
حوسێن فلامەرز تاهیر گوتیشی: "دەستپێشخەرییەکە لە ساڵی سێیەمی جێبەجێکردنیدایە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 هەزار کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 50 ساڵدایە".