ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: تۆڕێکی 17 کەسی مادەی هۆشبەر لە چەند پارێزگایەک گیرا
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی ئەندامانی تۆڕێکی 17 کەسی تایبەت بە دروستکردن و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەری راگەیاند کە 14یان بیانین. تۆمەتباری سەرەکی تۆڕەکە لە پارێزگای بەسرە کارگەیەکی دروستکردنی مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵی دانابوو و بۆ تێپەڕاندنی مادە هۆشبەرەکان خاوەنپێداویستى تایبەتی بەکارھێناوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەو دەزگایە لە راگەیێندراوێکدا هەواڵی دەستگیرکردنی ئەندامانى ئەو تۆڕەی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئەندامانی ئەو تۆڕە 17 کەس بوون کە لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستگیرکراون و 14ـیان بیانی بوون.
تۆمەتباری سەرەکیی ئەو تۆڕە، بیانی بووە و بەگوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، خەڵکی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێیە. ئەو کەسە خانوویەکی لە پارێزگای بەسرە بە کرێ گرتووە و کردوویەتییە کارگەیەکی نهێنیی دروستکردنی مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ، بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونەی لەو بوارەدا هەیبووە.
دووەم تۆمەتباری سەرەکیی ئەو تۆڕە، کاری دزەپێکردنی مادەی سەرەتایی هۆشبەر بووە بۆ عێراق و لە پارێزگای بەسرە دەستگیرکراوە.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو تۆڕە لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف و دیوانیە بووە.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە 20 کیلۆگرام مادەی کریستاڵ و 8 لیتر مادەی کیمیایی کە بۆ دروستکردنی ئەو مادە هۆشبەرە بەکاردەهێنرێ.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی ئەو دەزگایە، مادە سەرەتاییەکانی دروستکردنی کریستاڵ لەلایەن ئەو تۆڕەوە لە دەشت و شوێنە دوورەدەستەکان و نێو جلوبەرگ شاردراوەتەوە، خاوەنپێداویستى تایبەتیان بۆ تێپەڕاندنی ئەو مادانە بەکارھێناوە.