بانکی رافیدەین 20 لقی دیکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە خستەکار
رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین دەڵێ، 20 لقی دیکەی خستووەتە نێو سیستمی پێشکەوتووی رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر، بەمەش دەبێتە یەکەمین بانکی عێراقی ئەو سیستمە بۆ چاودێریکردنی رۆژانەی مامەڵە بانکییەکان کارا دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی بانکەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی قۆناخ بە قۆناخی بانکەکەدایە بۆ فراوانکردنی سیستمەکە لە سەرجەم لقەکانی و لەژێر سەرپەرشتی دکتۆر عەلی کەریم حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی بانکەکە ئەنجامدراوە.
بانکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ستراتیژیەتیی دامەزراوەیی بانکی رافیدەینە کە ئامانجی بەهێزکردنی سیستمی ئاسایشی دارایی و بەرزکردنەوەی ئاستی دەستپاکی و شەفافیەتە لە کارە بانکییەکاندا."
سیستمی پێشکەوتووی رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر ئامانجی رێگریکردن، شیکردنەوە و ئاشکراکردنی چالاکییە داراییە گوماناوییەکانە، لە رێگەی میکانیزمەکانی وەک پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی کڕیاران، چاودێریکردنی مامەڵە و راپۆرتکردنی دەستبەجێی پرۆسە گوماناوییەکان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان.