شانەی ئەمنیی عێراق: هێزە ئەمنییەکان لەبنکەی بەلەد تەقەیان لە 'درۆنی دووژمن' کردووە


رووداو دیجیتاڵ

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایدەگەیێنێت، سێ درۆن لە بنکەی ئاسمانیی بەلەد نزیکبوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش تەقەیان لێکردوون. 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە 15-01-2022 سێ فڕۆکەی درۆن لە دەوروبەری باشووری بنکەی ئاسمانیی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین نزیک بوونەتەوە، لەلایەن هێزی پاراستنی تاوەرەکانی دەرەوە بە چاو بینراون و دڵنیابوونەتەوە لەوەی "فڕۆکەی دوژمنە". 
 
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە فڕۆکە بیفڕۆکەوانەکان کردووە و فڕۆکەکانیش هەڵاتوون. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە نزمی فڕیوە و بنکەی ئاسمانیی بەلەدی لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین کردووەتە ئامانج، بەهۆیەوە ئاگر لەنێو بنکە سەربازییەکە دروستبووە و شوێنەکە دووکەڵی لێ بەرزبووەتەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە 13-01-2022 شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "هێرشێکی تیرۆریستیی ترسنۆکانە دانیشتووانی بێتاوانی ناوچەی سەوزی بەغدای بە ژمارەیەک مووشەک کردە ئامانج کە لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغداوە ئاراستە کران و لە ئەنجامدا کچێک و ژنێک لەنێو قوتابخانەیەک برینداربوون."