سوودانى: دەبێت کارى تەکنیکیى هاوبەش هەبێت بۆ قۆناخى داهاتووى ئەرکەکانى هاوپەیمانان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، دەبێت بۆ قۆناخى داهاتووى ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش، کارى تەکنیکیى هاوبەش هەبێت؛ بە پێویستیشی دەزانێت "هەنگاو بۆ هاریکاریى ئەمنى و سەربازیى دووقۆڵى بنرێت."
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 15-01-2024 رایگەیاند، "تێڕوانینى عێراق بۆ ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژی داعش ئەوەیە کە دەبێت بۆ قۆناخى داهاتوو، ئەرکەکەی کارى تەکنیکیی هاوبەش بێت بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى ئەو هاوپەیمانێتییە."
لەبارەی قۆناخی داهاتووی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، سوودانی دەڵێت، "دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ هاریکاریى ئەمنى و سەربازیى دووقۆڵى."
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەکاتى کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ هانس ساندى، باڵیۆزى هۆڵەندا لە عێراق، کە ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باڵیۆزى هۆڵەندا بانگهێشتنامەیەکى مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانى هۆڵەنداى رادەستى محەممەد شیاع سوودانى کردووە بۆئەوەى سەردانى ئەو وڵاتە بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیدا هەردوولا باسی کاراکردنى ئەنجوومەنى هاوبەشی ئاوى نێوان هەردوو وڵاتیان کردووە دوای رادەستکردنى سەرۆکایەتیکردنى نێردەى رێکخراوى ناتۆ لە عێراق بە هۆڵەندا، کە بڕیارە لە مانگى ئایارى داهاتوو بێت.