لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە زیقار حەوت کەس کوژران
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە زیقار شەڕ و پێکدادان لە نێوان دوو بنەماڵەی سەر بە یەک هۆز روویداوە و بەهۆیەوە حەوت کەس کوژران و شەش کەسیش بریندار بوون.
سەرچاوەیەک لە تەندروستیی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕەکە لە قەزای جبایشی پارێزگای زیقار لە نێوان دوو بنەماڵەی هۆزی "شغانبە" روویداوە و تائێستا 7 کەس کوژراون و شەش کەسیش بریندارن.
سەرچاوەکە روونیکردەوە، ئەوان لە بنەڕەتدا خەڵکی پارێزگای بەسرەن، بنەماڵەیەکیان وەک تۆڵەکردنەوە هاتوون و سێ کەسی بنەماڵەکەی دیکەیان کووشتوە، دواتر بنەماڵەی کوژراوەکە دوایانکەوتوون و 4 کەسیان لێ کوشتوون.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، گرژی و ئاڵۆزی لە ناوچەکە بەردەوامە، ئەگەری پێکدادانی دیکە دەکرێت. هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەدەن.
رووداوەکە دوای ئەوە دێت، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مامۆستایەک کوژرا، ئەوانیش هاتوون تۆڵەی خۆیان بکەنەوە، شەڕەکە لە ناوچەی ئەلبوجولانە لە زۆنگاوەکانی جبایش لەوپەڕی باشووری پارێزگای زیقار.