ئەمریکا داوای رۆیشتنی دوو دیپلۆماتکاری عێراق دەکات؛ بەغدا روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە عێراق کردووە دوو دیپلۆماتکاری لە وڵاتەکەی بکشێنێتەوە؛ وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رەتیدەکاتەوە ئەو رێکارە "دەرکردن" بێت و دەڵێت، یەکێکیان بەشێوەیەکی ئاسایی لە کارەکەی بەردەوامە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە فەرمی باڵیۆزی عێراقی لە واشنتن ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت دوو دیپلۆماتکاری عێراقی خاکەکەی بەجێبهێڵێن. یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان لە باڵیۆزخانەی عێراقە لە واشنتن و ئەوەی دیکەیان لە کۆنسوڵخانەی عێراقە لە ویلایەتی تەکساس، هەروەها باس لەوە دەکرێت مۆڵەتی 48 کاژێر بۆ دەرچوونیان دیاریکراوە.
لەوبارەیەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15-01-2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا لەسەر هێڵن بۆ زانینی هۆکار و پاساوەکانی ئەو بڕیارە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "ئەو زانیارییانەی لە هەندێک میدیا بڵاوکراونەتەوە، لە رووی وەسفکردنی دۆخەکە و مۆڵەتی دیاریکراو بۆ جێهێشتنی وڵات، ورد نین."
بەگوتەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەو رێکارەی گیراوەتەبەر "ناگاتە ئاستی دەرکردن بە واتای یاسایی و دیپلۆماسی"، بەڵکو دەچێتە ئەو چوارچێوەیەی کە "ئەمریکا ناخوازێت یەکێک لە دیپلۆماتکارەکان بەردەوام بێت".
سەبارەت بە چارەنووسی دیپلۆماتکارەکان، وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کردووە: "یەکێک لەو دیپلۆماتکارانە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ئاسایی لەسەر کارەکەی بەردەوامە و لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەگەڕێتەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن لەسەر بنەمای رێزی یەکدی و بەرژەوەندیی هاوبەش دامەزراون.