بڕیاری سەدر؛ چەک لە ئەندامانى سەرایا سەلام وەردەگیرێتەوە و بەڵێننامەیان پێ پڕدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر بڕیاریدا چەک، باج و ناسنامەی ئەو چەکدارانەی گرووپى سەرایا سەلام وەربگیرێتەوە کە لە گۆڕەپانی جەنگدا نین و سەر بە رەوتى نیشتمانیى شیعەن، هەروەها لە هەموو پارێزگاکان بەڵێننامە پڕ بکەنەوە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو پێکدادانەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە بەغدا روویدا.
پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی چالاکییەکانی گرووپی سەرایا سەلام و رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی بەغدا، هەشت بڕیاری دەرکرد.
لە بڕیارەکاندا هاتووە کە سەرجەم فەرماندە و ئەندامانی گرووپی سەرایا سەلام لە هەموو پارێزگاکان بەڵێننامەیەک بنووسن بەوەی کە بە هیچ جۆرێک ئەوەی روویدا دووبارە نابێتەوە، ئەو بەڵێننامەیەش بۆ موقتەدا سەدر بنێرن.
موقتەدا سەدر بڕیاری داوە کە باج، ناسنامە و کارتی فەرماندەکانی گرووپی سەرایا سەلام بکشێنرێنەوە، تەنیا ئەوانە نەبێت کە لە گۆڕەپانی جەنگدان لەدژی تیرۆر، یان لە رێگەن بۆ ئەو شەڕە، یان ئەرکێکی تایبەتیان لەو چوارچێوەیەدا هەیە؛ ئەو بڕیارە چەک، جلوبەرگی سەربازی و ئۆتۆمبێلەکانیش دەگرێتەوە.
شەوی 13ی کانوونی دووەم لە بەغدا، پێکدادان لە نێوان چەند چەکدارێکی سەرایا سەلام و هێزێکی پۆلیس روویدا، بەگوێرەی پۆلیسی فیدراڵی، 9 لەو چەکدارانە دەستگیر کراون.
لە بڕیارەکانی دیکەی سەدر دا هاتووە، دەبێت رۆڵی هەواڵگری و هاوکاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کارا بکرێت بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەوەی روویدا لەلایەن کەسانێکەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن سەر بە گرووپی سەرایا سەلام-ن، هەروەها تەنیا بە دوورخستنەوە نەوەستن، بەڵکو بەگوێرەی یاساکانی تایبەت بەو گرووپە یان یاسای گشتی سزا بدرێن.
موقتەدا سەدر بڕیاری داوە کە نابێت کەژاوەی تایبەت بە سەرایا سەلام هەبێت و پێویستە تێکەڵ بە رەوتی نیشتمانیی شیعە بکرێت، ئەو هەنگاوەش بۆ ماوەی ساڵێک بەردەوام دەبێت، هەروەها لە نزیکترین کاتدا بڕیارێک لەبارەی پەیکەری هەموو سەرایا سەلام دەردەکرێت، جگە لە سامەرا و دووبارە رێکدەخرێتەوە کە لە ساڵێک تێپەڕ نەکات.
رێبەری رەوتی سەدر لە کۆتا خاڵی بڕیارەکانیدا رایگەیاندووە، ئەو رووداوانەی لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدەن، مانای ئەوە نییە کە دۆخەکە لەدەست دەرچووبێت و پەنا بۆ بەکارهێنانی چەک ببرێت.
گرووپی سەرایا سەلام سەر بە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعەیە و بەشێکن لە پێکهاتەی دەستەی حەشدی شەعبی. 14ی کانوونی دووەمی 2026 ئەو گرووپە 12 چەکداری دەستگیر کرد کە سەر بە فەوجی دووی لیوای سێی گرووپەکە بوون، ئەو رێکارە بەپاساوی بەشداریکردنیان لە ئاڵۆزییەکانی بەغدا بووە.