دەسەڵاتی دادی ئێران: بەڵگەکانی پەیوەست بە تیرۆریستان رادەستی عێراق کران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە، لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و گوتی، ''لەم سەردانەدا بەڵگەیەکی زۆرمان لەسەر تیرۆریستان داوەتە بەرپرسانی عێراق.''
بە گوێرەی ئیرنا، کە ئاژانسی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران، کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کۆبووەوە، رایگەیاند، ''دوژمنانی ئێران و عێراق خوازیاری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان تاران و بەغدان، بۆیە هیوادارین بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنە ئەمنییەکان هەوڵی جددی بدرێت.''
سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، بە پشتبەستن بە "هاوکاری و هاوسۆزیی" نێوان ئێران و عێراق، دەتوانرێت رێکاری پێویست بەرامبەر سەرجەم ''تیرۆریستان'' بگیرێتەبەر.
موحسینی ئیژەیی گوتی، ''تائێستا بەشێکی بەرچاو لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تیرۆریستان رادەستی بەرپرسانی عێراق کراوە و لەم سەردانەشدا بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکان رادەست دەکرێن.''
میدیاکانی ئێران لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئەم وڵاتە بۆ بەغدا دەڵێن، ''بە مەبەستی وردبینیکردنە لە بەدواداچوونی دەسەڵاتی دادی عێراق بۆ دۆسیەی تیرۆری حاجی قاسم سولەیمانی (فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران) و ئەبو مەهدی موهەندیس، (جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) لە فڕۆکەخانەی بەغدا، هەروەها دیدار لەگەڵ ئەو ئێرانییانەیە کە نیشتەجێی عێراقن.''
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە، ''ئێمە بە تەواوی ئاسایشی وڵاتی ئێران بە ئاسایشی عێراق دەزانین و ئاسایشی عێراقیش بە ئاسایشی ئێران''.
قاسم ئەعرەجی جەختی لە پابەندبوونیان بە جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان تاران و بەغدا کردەوە.
رۆژی 19ـی ئادارى 2023 عەلى شەمخانی، ئەمیندارى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنى ئەمنى نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆکرد، یەکێک لە خاڵەکانى، پاراستنى ناوچە سنوورییەکانى نێوان هەردوو وڵات و دوورخستنەوەى هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانە لەسەر سنوورى نێوانیان.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ چوارشەممە، غوڵامحوسێن ئیژەیی و سوودانی کۆبوونەتەوە و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هاوئاهانگیی هاوبەش لە دۆسیە و بابەتە جۆراوجۆرەکاندا کراوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سوودانی جەختی لەسەر گرنگیی پتەوکردنی هاریکاریی دادوەریی نێوان عێراق و ئێران کردووەتەوە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بازرگانیی بە ماددەی هۆشبەر.