دەستەى دەستپاکیی عێراق: لێکۆڵینەوە لە دەنگۆى بەرتیل وەرگرتنى کارمەندانى UNDP دەکەین

رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، دەستى بە لێکۆڵینەوە کردووە لەبارەى وروژاندنى وەرگرتنى بەرتیل لەلایەن هەندێک لە کارمەندانى (UNDP) لە بەڵێندەرە عێراقییەکان لە چوارچێوەى پڕۆگرامى سندووقى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆى کردە تیرۆرستییەکانەوە.
 15ى شوباتى 2024، دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە دەستپێکردنى لێکۆڵینەوە لەلایەن تیمەکانیانەوە لەدواى ئەوە بووە کە لە رۆژنامەى گاردیانى بەریتانى بابەتێک بڵاوکراوەتەوە، گوایە هەندێک لە کارمەندانى UNDP بەرتیلیان لە بەڵێندەرە عێراقییەکان وەرگرتووە لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى سندووقى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆى کردە تیرۆرستییەکان.
رۆژنامە بەریتانیەکە لە 25ى کانوونى دووەمى 2024 راپۆرتێکى بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە، کە بە پشتبەستن بە چەند بەڵگەنامەیەک، گەندەڵى لە چەند کەیسێکى بیناسازى لە چوارچێوەى پڕۆگرامى سندووقى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆى کردە تیرۆرستییەکان هەبووە کە بڕى پارەى بودجەکەى 1.5 ملیار دۆلار بووە.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، تیمەکانى دەستەکە پەیوەندییان بە ئامادەکارى ئەو راپۆرتەوە کردووە بۆ ئەوەى بەڵگە و روونکردنەوەیان پێبدات لەسەر ئەو زانیارییانەى بڵاوی کردووەتەوە. ئەو هەنگاوەى دەستەى دەستپاکى هاوکاتە لەگەڵ لێکۆڵینەوە و وردبینى تیمەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لەرێگەى پڕۆگرامى گەشەپێدان کە لە بارەگاى گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پێکهێندراوە و رەوانەى عێراق کراون.
دەستەکە ئاماژەى بەوەداوە، هەر کاتێک تیمەکانیان گەیشتن بە راستییەکان، بە راى گشتى رادەگەیێنێت.
سندووقى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆى کردە تیرۆرستییەکان، لە چوارچێوەى یاساى بودجەى گشتى 2015ى عێراق دامەزرا، بۆ ئەوەى هاوئاهەنگى بکات لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و  وەزارەتەکانى عێراق بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى ئاوانکردنەوەى ئەو ناوچانە بەشێوەیەکى خێرا.
ئەو سندووقە بۆ پارەدارکردنى پڕۆژەکانى ئاوەدانکردنەوەى ئەو ناوچانەیە کە پێشتر لە ساڵى 2014 رێکخراوى داعش کۆنتڕۆڵى کردوون و بەهۆى جەنگى دەرکردنى ئەو رێکخراوە، ئەو ناوچانە زیانیان پێگەیشت.
سەرەتا لە ساڵى 2015 حکومەتى عێراق 500 ملیار دینارى بۆ ئەو سندووقە دابین کرد و داهاتەکانى دیکەى لە کۆمەکى وڵاتان و رێکخراوە بیانیەکانەوەیە.