زیندانیانی گرتووخانەیەکی عێراق: مادەی هۆشبەر لەنێو زیندان لە دەرەوە زیاترە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنە باڵایە ئاشکرا دەکرێت، کە بۆ بەدواداچوونی دۆخی زیندانی ناوەندیی عەممارە پێکهێندراوە. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، "هەر بەرپرسێک کەمتەرخەم بێت، دەدرێتە دادگە."
 
موراد ساعدی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15-02-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەنێو زیندانی ناوەندیی عەممارە، بە فەرمانی وەزیری داد دوێنێ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا. بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەکە راپۆرت و راسپاردەکانی تەواو بکات و هەر ئەمڕۆش ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی رادەگەیێندرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەش کرد، چاوپۆشی لە گەندەڵی و پێشێلکارییەکان ناکەن و گوتی، "لەسەر بنەمای ئەنجامی کاری لیژنەکە، رێکاری یاسایی و کارگێڕیی زۆر تووند بەرامبەر بە کەسانی کەمتەرخەم دەگیرێتەبەر و ناویان رەوانەی دادگەی تایبەتمەند دەکرێت."
 
ڤیدیۆکە چی تێدایە؟
 
رۆژی شەممە، ڤیدیۆی ژمارەیەک زیندانی لە زیندانی ناوەندیی عەممارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە. لە ڤیدیۆکەدا زیندانییەکان دەموچاوی خۆیان پێچاوەتەوە و سکاڵای تووند ئاراستەی وەزیرانی داد و ناوخۆ، رەوتی سەدر و مەرجەعیەتی ئایینی دەکەن.
 
زیندانییەکان لەو گرتە ڤیدیۆییەدا چەندین تۆمەت دەخەنەپاڵ بەرپرسانی زیندانەکە، دیارترینیان:
 
بردنە ژوورەوەی مۆبایل بە پارە: زیندانییەکان دەڵێن، مۆبایلی جۆری گالاکسییان بە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار پێ دەفرۆشرێت، دواتر لێیان وەردەگیرێتەوە و جارێکی دیکە بە هەمان نرخ پێیان دەفرۆشرێتەوە.
 
مادەی هۆشبەر: بەگوتەی زیندانییەکان، بڕی مادەی هۆشبەر لەناو زیندانەکەدا هێندە زۆرە، لە "سەر شەقامەکان" زیاترە و بەرپرسانی زیندانەکە بە هاوکاریکردن لە هێنانە ژوورەوەی تۆمەتبار دەکەن.
 
پێشێلکاری و سەرانە وەرگرتن: زیندانییەکان ناوی چەند بەرپرسێکی زیندانەکە دەهێنن (نەجم عەبدولسادە، ناعم عەلی و عادل جەواد) و دەڵێن مامەڵەیان خراپە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، بۆ گواستنەوە لە قاوشێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، بڕی 100 بۆ 300 هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت.
 
دەستدرێژی بۆ سەر کەسوکار: لە بەشێکی ڤیدیۆکەدا زیندانییەکان باسی ئەوە دەکەن لە کاتی سەردانی خێزانەکانیاندا، زێڕ و کەلوپەلی ژنەکانیان لێدەسەنرێت و بێڕێزی بە پیرۆزییە ئایینییەکانیش دەکرێت.