عێراق نرخی وەرگرتنی بەشەخۆراک گران دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق بڕیاریدا کرێی وەرگرتنی بەشەخۆراک لەسەر هاونیشتمانییان زیاد بکات و پشکی بریکارەکانیش پێنج هێندە بەرزبکاتەوە؛ بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی هەولێریش دەڵێت، بەپێی بڕیارە نوێیەکە تێچووی وەرگرتنی بەشەخۆراک بۆ هەر کەسێک دەبێتە 1250 دینار.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی پارەی بریکارەکانی خۆراک، بەجۆرێک پشکی بریکار بۆ هەر کەسێک لە 50 دینارەوە دەکرێتە 250 دینار."
 
هەفتەی رابردوو بریکارەکانی خۆراک لە چەندین پارێزگای عێراق گردبوونەوە و خۆپێشاندانیان کردووە و ناڕەزاییان بەرامبەر کەمیی پشکەکەیان هەبووە، کە تەنیا 50 دینار بوو.
 
 محەممەد حەنوون گوتی: "بریکارەکان رایانگەیاندبوو ئەو بڕە پارەیە زۆر کەمە و تێچووی کرێی شوێن، کرێکار، کارەبا و خەرجییەکانی دیکەیان دابین ناکات، بۆیە لیژنەیەکی حکومی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنرا و لەسەر بنەمای راسپاردەکانیان بڕیاری زیادکردنەکە درا."
 
بڕیارەکە تەنیا زیادکردنی پشکی بریکارەکان نییە، بەڵکو حکومەتیش پشکی خۆی زیاد کردووە، ئەمەش وایکردووە نرخی کۆتایی لەسەر هاونیشتمانییان نزیکەی دوو هێندە زیاد ببێت.
 
دلێر عەبدولخالق، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر هاونیشتمانییان بە کۆی گشتی نزیکەی 650 بۆ 750 دیناریان بۆ هەر تاکێکی خێزان دەدا (کە 359 دیناری بۆ حکومەت بوو)، بەڵام بەپێی گۆڕانکارییە نوێیەکان نرخەکە بەرزبووەتەوە."
 
بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر روونیکردەوە: "بەپێی بڕیارە نوێیەکە، 250 دینار بۆ بریکار دەبێت و 1000 دیناریش بۆ حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، بەم شێوەیە بە لایەنی کەم هەر کەسێک دەبێت بڕی 1250 دینار بدات بۆ وەرگرتنی بەشەخۆراکەکەی."