پەرلەمان لەبارەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار داوای شرۆڤە لە دادگەی فیدراڵی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بە فەرمی داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی دەکات شرۆڤە بۆ مادەیەکی دەستوور بکات لە بارەی وادەی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
نووسراوەکە لەلایەن هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە لە 12ی شوبات ئاراستەی دادگەی فیدراڵی کراوە.
یەکشەممە 15ی شوباتی 2026، سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو نووسراوە لەسەر داوای پەرلەمانتاران بووە و ئەمڕۆ سەرۆکی پەرلەمان لە دانیشتنەکەدا گوتی چاوەڕێی وەڵامی ئەو نووسراوەین".
لەو نووسراوەدا داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە شرۆڤەی بڕگەیەکی مادەی 72ی دەستوور بکەن کە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێ.
لەو بڕگەیەدا هاتووە: "سەرۆککۆمار بەردەوام دەبێت لە پیادەکردنی ئەرکەکانی لە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی عێراق و کۆبوونەوەی، تاوەکو لە ماوەی 30 رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان، سەرۆککۆمارێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت".
یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەنجامدراوە، تاوەکو ئێستا دوو جار پەرلەمان دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاریکردووە بەبێ ئەوەی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران هەبێت کە 220 پەرلەمانتارە.
سەلوان ئاکرەیی رایگەیاند، بەوپێیەی پەرلەمان دوو جار داوای دانیشتنی کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە رووی یاساییەوە ئەرکی خۆی جێبەجێ کردووە و وەڵامەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی بەرەو ئەو ئاراستەیە دەبێت.
بۆ پۆستی سەرۆککۆمار 19 بەربژێر کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، تاوەکو ئێستا دوو لایەنە کوردستاننییەکە لەسەر یەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە رێکنەکەوتوون.
سەلوان ئاکرەیی گوتی: "دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار زیاتر پەیوەندی بە بەربژێری شیعەکانەوە هەیە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەگەرنا لەسەر کورد رانەدەوەستان".
نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، بەربژێری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا تێبینییان لەسەر بەربژێرەکەیان هەیە.