دادگەی فیدراڵی گۆڕانکاری لە یاسای ژنانى رزگاربووی ئێزدیی رەتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەکی بۆ گۆڕانکاری لە یاسای ژنانى رزگاربووی ئێزدی رەتکردەوە، کە تێیدا داوای هەژمارنەکردنی رۆژی داگیرکردنی شنگال لە یاساکە و رێگریکردن لەوەی ئێزدییەک ببێتە بەڕێوەبەری تایبەت بەو پرسە کرابوو.
دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو سکاڵایەوە ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026 ئەنجامدرا و سکاڵاکەی رەتکردەوە، بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی دادگەکە نییە.
سکاڵاکاران سێ هاووڵاتی بوون و داوایان کردبوو ناوی یاساکە پێکهاتەکانی دیکەی بۆ زیاد بکرێت و ژنانى رزگاربووی دەستی داعش ئەو کەسانە بگرێتەوە کە لە 10ی حوزەیرانی 2014 رفێنراون، کاتێک داعش شاری مووسڵی کۆنترۆڵ کرد، لەبری 3ی ئابی هەمان ساڵ کە لە یاساکەدا هاتووە وەک ئاماژەیەک بۆ داگیرکردنی قەزای شنگال لەلایەن داعشەوە .
یەکێکی دیکە لە داواکانی سکاڵاکە ئەوە بوو کە بڕگەیەکی یاساکە بە نادەستووری بزانرێت کە تێیدا ئاماژە بەوە دراوە ئێزیدییەک ببێتە بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ژنانی رزگاربوو، کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.
قەیسەر کالۆ، چالاکڤانی ئێزیدی بە رووداوی راگەیاند: "گۆڕین و دەستکاریکردنی یاساکە پێچەوانەی یاسایە و نابێت ناوەڕۆکی بگۆڕدرێت. بەوپێیەی زۆرینەی هەرە زۆری قوربانییانی رفێنراوی دەستی داعش ئێزیدی بوون، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی تێدا بکرێت کە لە مافی ئێزیدییەکان کەم دەکاتەوە."