پەرلەمان بۆ وەزارەتی دەرەوە: لە 48 کاژێردا باڵیۆزی عێراق لە سعودیە بانگهێشت بکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکات لە 48 کاژێردا باڵیۆزی عێراق لە عەرەبستانی سعودیە بانگهێشت بکات و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر گرتەیەکی ڤیدیۆیی پێکبهێنرێت کە گوایە تێیدا "بێڕێزی" بە تیمە دیپلۆماسییەکەی عێراق کراوە.
 
بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026 دەرچوو، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا سەفیە سوهەیل، باڵیۆزی عێراق لە سعودیە و تیمێکی ئەو باڵیۆزخانەیە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی سعودی دەرکەوتوون و بەپێوە وەستاون، لە کاتێکدا بەرپرسە سعودییەکان دانیشتوون.
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو داوایەی پەرلەمان لەسەر ئەو بڕیارەیە کە گوایە بێڕێزی بەرامبەر بە تیمە دیپلۆماسییەکەی عێراق کراوە."
 
پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو رووداوە پێکبهێنرێت و لە ئەنجامەکەی ئاگاداریان بکاتەوە.
 
شێروان دووبەردانی رایگەیاند: "بڕیارە دوای ناردنی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە، پەرلەمان راسپاردەی خۆی لەبارەی ئەو پرسە ئامادە بکات."
 
بەر لەو بڕیارەی پەرلەمان، باڵیۆزخانەی عێراق لە سعودیە روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە "بڕدراون و لە چوارچێوە ئاساییەکەی خۆی جیاکراونەتەوە" و "هیچ مامەڵەیەکی نادیپلۆماسییانە نەبووە".