پەرلەمان راسپاردەیەک بۆ دامەزراندنی زیاتر لە 26 هەزار کەس پەسند دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر راسپاردەیەک دەدات بۆ دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگە تەندروستی و پزیشکییەکان کە زیاتر لە 26 هەزار کەس دەگرێتەوە.
راسپاردەکە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتی پەرلەمانەوە ئامادە کراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی شوباتی 2026 بە دەنگدان لە ناو پەرلەمان پەسند کرا.
بەگوێرەی راسپاردەکە، داوا لە حکومەت کراوە کە دەرچووانی بەشە تەندروستی و پزیشکییەکان دابمەزرێنێت، بەشێوەیەک کە مافی لەپێشتربوون بۆ ئەوانە بێت کە پێشتر دانەمەزراون و چارەسەری دۆخی دەرچووانی دیکەی ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 بکرێت کە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەرچوون و خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن.
نازک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە خەڵکی قەزای خانەقینە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی ئەو راسپاردەیە زیاتر لە 26 هەزار کەس سوودمەند دەبن لە دەرچووانی ساڵی 2021 بەدواوە کە بەشێوەی مەشقکار لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کار دەکەن، بەبێ ئەوەی کرابن بە فەرمانبەری فەرمی."
راسپاردەکە داوای کردووە کە دەرچووانی ئەو بەشانە لە نەخۆشخانە و ناوەندى تەندروستیی وەزارەتەکانی دیکەی وەک بەرگری، ناوخۆ، نەوت، داد، پەروەردە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پیشەسازی، وەرزش و لاوان، گواستنەوە، پەیوەندییەکان، دەستەی حەشدی شەعبی و پیرۆزگا ئاینییەکان دابمەزرێنرێن.
نازک ئەحمەد رایگەیاند، ئەو راسپاردەیە پێویستی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و ئەو هاونیشتمانییانەی ناوچە جێناکۆکەکانیش دەگرێتەوە کە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خوێندوویانە.