پرۆژەیاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس لە پەرلەمانی عێراقە

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاسایەک دەخاتە خشتەى کارەکانییەوە بۆ قەرەبووکردنەوەى مادى زیانلێکەوتووانى دەستى رژێمى بەعس، لە ماوەى 35 ساڵدا، ئەندامێکى لیژنەى شەهیدانى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، یاساکە زیانلێکەتووانى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە.  
 
پەرلەمانى عێراق خوێندنەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاساى قەرەبووى کەلوپەلى زیانلێکەوتووانى دەستى رژێمى پێشوو دەکات، کە تایبەتە بە قەرەبووکردنەوەى زیانى مادى ئەوانەى بەهۆى رژێمى پێشوو زیانیان بەرکەوتووە.
 
قەرەبووەکانى ئەو یاسایە موڵک و ماڵى گواستراوە و نەگواستراوە دەگرێتەوە کە لەلایەن رژێمى پێشوو دەستى بەسەردا گیراوە بە هۆکارى سیاسی، نەتەوەیی و مەزهەبی کە یاساى دەستەى سکاڵا موڵکدارییەکانى ساڵى 2010 نەیگرتوونەتەوە. 
 
پارەى قەرەبووى ئەو زیانانە بە دینار دیارى دەکرێت لە رێگەى بەراوردکردنى بە زێڕى عەیارە 18ـى ئەو کاتەى کە کەسی زیانلێکەوتوو زیانەکەى پێگەیشتووە.
 
پڕۆژەیاساکە لە خشتەى کۆبوونەوەکەى 12ـی ئادار دانرابوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى کۆبوونەوەى رۆژى پێش خۆى دواخرا بۆ 12ى ئادار، تاوتوێکردنى ئەو پڕۆژەیاسایەش دواخرا. 
 
لەهەر پارێزگایەک لیژنەی پێکدەھێندرێت بە ناوى لیژنەى لاوەکى، کە دادەوەرێک سەرۆکایەتى دەکات و نوێنەرانى وەزارەتەکانى دارایی، داد و پارێزگارى تێدایە و تاوتوێی داواکارییەکانى قەرەبووکردنەوە دەکات، کە دەبێت لە ماوەى 60 رۆژدا وەڵام بدرێتەوە. 
 
بڕیاردان لەنێو ئەو لیژنانە لەسەر بنەماى دەنگدانى زۆرینەى رەهاى پێنج ئەندامەکە دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسیێکان.
 
چرۆ حەمە شەریف، ئەندامى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانییان لە پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، قەرەبووى ئەو یاسایە هەموو عێراق دەگرێتەوە بە زیانلێکەوتووانى هەرێمى کوردستانیشەوە کە بەهۆى سیاسەتەکانى رژێمى پێشوو زەرەرمەند بوون.
 
بەپێی مادەیەکی پرۆژە یاساکە، هەر کەسێک لە 17ـی تەممووزى 1968 تاوەکو 20ـی ئادارى 2003، بە دەستى رژێمى پێشوو زەرەرمەند بووبێت، کە ماوەى وەرگرتن و کەوتنى ئەو دەسەڵاتەیە، قەرەبووەکە دەیگرێتەوە.