کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا: دەبێت عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا لەسەر ئەمریکا تۆمار بکات
رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، سەرەخۆشی لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەکات و داوا دەکات هەموو جۆرە هاوئاهەنگی ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ هێزە بیانییەکان رابگیرێت.
رۆژی یەکشەممە 15ـی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا، ئەمینداریەتی گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق"، سەرەخۆشی لە "کەتیبەکانی حیزبوڵڵا" کرد بۆ کوژرانی ژمارەیەک لە چەکدارەکانیان و رایگەیاند، ئەوان لەسەر هەمان رێگەی "سەرکردە و هاوڕێیانیان" بەردەوام دەبن.
لە راگەیێندراوەکەدا هێرشەکانی ئەمریکا بە "تاوانی قێزەون" ناوبراون و تێیدا هاتووە: "ئەمریکا بێباکانە خوێنی عێراقییەکان دەڕێژێت و هەموو ئاسانکارییەک و زانیارییەکی هەواڵگری بۆ قەوارەی زایۆنی دابین دەکات بۆ دووبارەکردنەوەی تاوانەکانی دژی موجاهیدان."
کەتائیبی سەیدولشوهەدا داوا لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکات، بە فەرمی سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار بکەن "بۆ چەسپاندنی مافی عێراق لە پاراستنی سەروەریی خاک و خەڵکەکەی."
هەروەها ئەو گرووپە داواکارییەکی ئاراستەی دامەزراوە جێبەجێکارەکانی حکومەت کردووە و دەڵێت: "پێویستە پێداچوونەوە بە هەموو میکانیزمەکانی هاوئاهەنگیی ئەمنی و هەواڵگری لەگەڵ هێزە بیانییەکان بکرێت، کە بەبێ رووپۆشی یاسایی لە وڵاتەکەماندا کار دەکەن."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، ئەوان بڕوایان بە "سەرکەوتنی خودایی" هەیە و دەڵێن شکستی "خۆبەگەورەزانینی ئەمریکی-زایۆنی" لەسەر دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لایەنگرانی، نزیکە و تەنیا پێویستی بە کەمێک ئارامی هەیە.
کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا کە گرووپێکی چەکداری شیعەن و بەشێکن لە حەشدی شەعبی، خۆیان بە یەکێک لە گرووپەکانی سەر بە مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق دەزانن.