عێراق لەبەر دۆخی ئەمنی ژمارەیەک فڕۆکەی لە وڵاتانی دیکە راگرتووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق، لەبەر دۆخی ئەمنی و پاراستنی فڕۆکەکانی لە هەر هێرشێک، ژمارەیەک فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی عێراقییەی لە وڵاتانی دیکە راگرتووە.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ فڕۆکەیەکی گیراوخواردوومان لە دەرەوەی وڵات نییە، بەڵام پلانێکی تۆکمەمان داڕشتووە بۆ رێکخستنی جووڵەی ژمارەیەک لە فڕۆکەکانمان بە شێوەیەکی سنووردار."
بەگوتەی گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، "مەبەست لە هەنگاوەکە پاراستنی فڕۆکەکان و دوورخستنەوەیانە لە لێکەوت و زیانەکانی ئەو قەیرانە ئەمنییەی ئێستا ناوچەکەی گرتووەتەوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژەی بە ژمارەی ئەو فڕۆکانە نەدا کە ئێستا لە وڵاتانی دیکەن.
مەیسەم سافی گوتی: "حکومەتی عێراق سوود لەو جووڵە سنووردارانەی فڕۆکەکان دەبینێت بۆ گواستنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە چەند وڵاتێکدا گیریان خواردووە، کە ئەمەش بەشێکە لەو پلانە نیشتمانییەی کاری لەسەر دەکرێ".
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە، لە 1945 دامەزراوە، هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتەکاندا داخراوە، تەنیا رێگەی هاتووچۆ لەگەڵ دەرەوە وشکانییە.
یەکێکە لە فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقییە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە بۆ قاهیرەی پایتەخی میسر فڕی، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتیانەی گیریانخواردووە و دواتر فڕۆکەکە لە قاهیرەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی عەرعەر لە عەرەبستانی سعودیە کە 145 کەسی هەڵگرتبوو، وەک ئامادەکارییەک تاوەکو لە رێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە عێراق.