وەزیرانی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و نەوتی عێراق دەچنە پەرلەمان

رووداو دیجیتاڵ
 
پەرلەمانی عێراق میوانداریی وەزیرانی نەوت و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمى هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
 
یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە کە دانیشتنەکە کاژێر 21:00ی رۆژی 17ی ئاداری 2026 دەکرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێنراوی پەرلەمان، لەو دانیشتنەدا میوانداریی ئەم بەرپرسانە دەکرێت: 
 
- حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق.
 
- کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
- بریکارانی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و دابەشکردن.
 
- بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
 
کلدۆ رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی سۆیانا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە فەرمی لەو دانیشتنە ئاگادار کراوینەتەوە کە بۆ تاوتوێکردنی هەناردەی نەوت لە رێگەی هەرێمی کوردستان و بەربەستەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق دەبێت."
 
راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، ئەو دانیشتنە بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی هەناردەی نەوتە لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
 
 بەهۆى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ى شوباتەوە هەناردەى نەوتى عێراق لەرێگەى کەنداو راگیراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە برایانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە رەزامەندی بدەن لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی ئەو بۆرییەی کە بە بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەبەسترێتەوە. بڕی پێشنیازکراویش بۆ هەناردەکردن لە نێوان 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا."
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە و بەغداش ئامادە نییە رێگری لەو گرووپانە بکات.