عێراق: تۆڕێکی 71 کەسی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دەستگیرکراوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 21 تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەڵوەشێندراونەتەوە و 234 تۆمەتبار دەستگیرکراون؛ ئاماژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵی رابردووش دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 15ی نیسانی 2026، عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ساڵی رابردوو 80 ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە ئەنجامدران، چوار شانەی تیرۆریستی هەڵوەشێندرانەوە و دەست بەسەر سێ حەشارگەی چەکدارانی داعشیشدا گیرا".
 
بە گوتەی بەهادلی، هەر ساڵی رابردوو 91 کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون کە سزای لەسێدارەدان بۆ 11ـیان دەرچووە.
 
لەبارەی ئامارەکانی ئەم ساڵیش گوتی، لە سێ مانگی سەرەتای 2026دا سێ کەس کە کاریان بۆ راکێشانی خەڵک "بۆ نێو گرووپە تیرۆریستییەکان" دەکرد، دەستگیرکران؛ لەبارەی تاوانەکانی دیکەشەوە گوتی: "22 تۆمەتباری رفاندن و 137 تۆمەتباری شەڕی هۆزایەتی دەستگیرکران."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لە سێ مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 21 تۆڕی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەڵوەشێندراونەتەوە و 234 تۆمەتبار دەستگیرکراون؛ هەروەها تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ کە لە 71 تۆمەتبار پێکهاتبوون و لە نێوخۆ و دەرەوەی عێراق کاریان دەکرد، دەستگیرکراون.
 
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکاندا هاتووە:
 
- دەستگیرکردنی 110 تۆمەتبار بە تاوانی قاچاخچێتی بە شوێنەواری عێراق.
 
- دەستگیرکردنی 5 تۆمەتبار کە سەرانەیان لە خاوەن کۆمپانیا و پڕۆژە گەورەکان وەردەگرت.
 
- راگرتنی 1600 کارتی گواستنەوەی پارە بەهۆی سەرپێچیی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی.
 
- داخستنی 75 ماڵپەڕ و هەژماری ئەلیکترۆنی و دەستگیرکردنی 38 تۆمەتباری تاوانی ئەلیکترۆنی.
 
- دەستگیرکردنی 96 کەس بەهۆی بەڕێوەبردنی سەنتەری جوانکاری بێ مۆڵەت و 388 کەسی دیکە بە تۆمەتی ساختەکاریی پیشەسازی.
 
بەهادلی ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی کەرخ لە بەغدا 68 تۆمەتباری تیرۆر و 847 تۆمەتباری دیکە بە تاوانی جۆراوجۆر دەستگیرکراون و هاوئاهەنگییەکی نێودەوڵەتیی بەهێز بۆ بنبڕکردنی دیاردەی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ هەیە.