عێراق لە پلەی یەکەمی وڵاتانی عەرەبی دایە بۆ هەرزانیی نرخی کارەبا


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی (Global Petrol Prices)، عێراق بۆ مانگی ئاداری 2026، بە یەکەم وڵاتی عەرەبی دەستنیشان کرا لە هەرزانیی نرخی کارەبا دا. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراقیش دەڵێت، حکومەت هەر یەکەیەکی کارەبا بە 120 دینار دەکڕێ و بە 10 دینار دەیداتە هاونیشتمانیان.
 
ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی 15ـی نیسانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "عێراق جیاوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێدانی کارەبا؛ وڵاتانی دیکە کارەبایان وەک کاڵایەک لێ کردووە، بەڵام عێراق وەک خزمەتگوزاری دەیبینێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، عێراق بە نرخێکی پاڵپشتیکراو کارەبای بە کەرتە حکومییەکان (پیشەسازی، کشتوکاڵی و بازرگانی) و هاونیشتمانیان فرۆشتووە. گوتیشی: "نرخی یەک یەکەی کارەبا لەسەر حکومەت 120 دینارە، بەڵام بە هاونیشتمانیان و کەرتەکانی دیکە تەنیا بە 10 دینار دەفرۆشرێتەوە. ئەمەش وای کردووە دەوڵەت پارەیەکی زۆری لەدەست بچێت و زیانێکی گەورە بەر خەزێنەی گشتی بکەوێت."
 
بەگوێرەی ئەو خشتەیەی ماڵپەڕی (Global Petrol Prices) بڵاوی کردووەتەوە، عێراق کەمترین تێچووی کارەبای لە ناوچەکە دا تۆمار کردووە؛ نرخی کارەبای ماڵان 0.015 دۆلارە بۆ هەر کیلۆوات/کاژێرێک و بۆ بەکارهێنانی بازرگانیش 0.046 دۆلارە.
 
رێزبەندیی هەرزانترین و گرانترین کارەبا لە وڵاتانی عەرەبی:
 
عێراق: 0.015 دۆلار (هەرزانترین)
 
میسر: 0.020 دۆلار
 
قەتەر: 0.032 دۆلار
 
عومان: 0.036 دۆلار
 
جەزائیر: 0.043 دۆلار
 
هەردوو وڵاتی مەغریب (0.125 دۆلار) و ئوردن (0.090 دۆلار) لە سەرووی لیستی گرانترین وڵاتانی عەرەبی دان بۆ تێچووی کارەبا.
 
سەبارەت بە هەدەردانی وزە، ئەحمەد مووسا گوتی: "بەفیڕۆدانی کارەبا تاوەکو ئێستاش لە عێراق بەهۆی نەبەستنی پێوەر و بوونی خانووی زێدەڕۆ بەردەوامە، بەڵام رێژەکە لە 89%ـەوە بۆ 57% دابەزیوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای کرد کە "دوای سەرکەوتنی پڕۆژەی (رووناکی) لە هەرێمی کوردستان، ئەو ئەزموونەمان وەک هەنگاوی یەکەم بۆ بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق گواستووەتەوە."