ترەمپ گەشتێکی نهێنی بۆ عێراق لەسەر شەڕی داعش ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە گوتارێکی پڕ جۆش و خرۆشدا بۆ سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی ئاسمانیی عودەید لە دەوحەی قەتەر، ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چیرۆکی گەشتێکی نهێنیی خۆی بۆ عێراق گێڕایەوە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا، گەشتە نهێنییەکەی بۆ عێراق کردبوو، بۆ ئەوەی چاوی بە جەنەراڵێکی وڵاتەکەی بکەوێت و بزانێت هۆکاری درەنگکەوتنی بەزاندنی داعش چییە؟
بە گوتەی ترەمپ، لە جەنەراڵەکانی واشنتن بێزارببوو و دەیویست لە بڕیارداندا بەسەریاندا بازبدات، چونکە پێیان گوتبوو بەزاندنی داعش 5 ساڵ دەخایێنێت، بەڵام ئەو جەنەڕاڵەی لە عێراق بووە، بەڵێنی بە ترەمپ دابوو، تەنیا سێ هەفتەی دەوێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە خەلافەتی داعش بێنێت.
ترەمپ چیرۆکەکەی وەک نموونەیەک بۆ روونکردنەوەی شێوازی خۆی لە سەرکردایەتیی سەربازی و بڕیارداندا بەکارهێنا. "شتێکم کرد کە پێشتر هەرگیز نەمکردبوو. گوتم، دەمەوێت بڕۆم بۆ عێراق و دەمەوێت چاوم بەو خەڵکە بکەوێت کە لە عێراقن چونکە رەنگە ئەوان جیاواز بن."
ترەمپ باسی لەوە نەکرد لە چ مانگ و ساڵێکدا گەشتەکەی کردبوو، بەڵام کۆتایی ساڵی 2018، کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ و میلانیای هاوژینی بە بۆنەی کریسمسەوە سەردانی سەربازانی ئەمریکایان کردووە لە بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار.
ئەو کات، کۆشکی سپی، وێنەی ترەمپی لەگەڵ سەربازانی وڵاتەکەی بڵاوکردنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ باسی گەشتەکەی کرد و گوتی: "کاژێر 3:00ی بەیانی رۆیشتم، تاریکییەکی تەواو بوو. فڕۆکەی ئێیەر فۆرس وەن چاوەڕێی دەکردین. بەرەو عێراق رۆیشتین و کەس نەیدەزانی من دەچم."
ترەمپ، وردەکاریی رێوشوێنە ئەمنییە تووندەکانی لە کاتی گەشتەکەدا باسکرد و گێڕایەوە کە داوای لێ کرابوو لە کاتی فڕین بەسەر "خاکی دوژمن"دا گڵۆپی فڕۆکەکە بکوژێنێتەوە و پەردەی پەنجەرەکان دابخات.
ترەمپ گوتی: "هیچ نابینم، هیچ گڵۆپێک نییە، هیچ رێڕەوێکی فڕین نییە. نازانم چۆن ئەو کارە دەکەن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی گەیشتنیدا، چاوی بە جەنەڕاڵێک کەوتووە کە بە "رێیزن کەین" ناوی دەبات. "گوتم جەنەراڵ، خۆشم دەوێیت، تۆ ئەو پیاوەیت کە بەدوایدا دەگەڕێم."
ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتییەکەیدا ئەو جەنەراڵەی کردووەتە سەرۆکی سوپاسالارە هاوبەشەکانی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەوەی جەنەراڵەکان لە واشنتن پێیان دەگوت لەگەڵ ئەوەی ئەم جەنەراڵە دەیگوت جیاواز بوو.
ترەمپ دەڵێت: "ئەوان لە واشنتن پێیان دەگوتم چوار بۆ پێنج ساڵی دەوێت بۆ بەزاندنی داعش." بەڵام رێیزن کەین پێیگوتووە: "نەخێر گەورەم، بەڵام من لە پێگەیەکدا نیم وا بڵێم گەورەم. ئەگەر تۆ دەسەڵاتی تەواوم پێ بدەیت بچمە نێوەوە و بە تەواوی لێیان بدەم، نزیکەی سێ هەفتەی دەوێت."
ترەمپ دەڵێت، بە جەنەراڵەکەی گوتووە: "پێم گوترابوو پێنج ساڵ،" بەڵام ئەو گوتوویەتی: "گەورەم، سێ هەفتەی دەوێت و کاتیشت زیاد دەبێت. گوتم، 'تۆ دەبێت گاڵتەم پێ بکەیت. تا ئێستا لە کوێ بوویت؟'"
بەپێی گێڕانەوەی ترەمپ، جەنەراڵەکە بۆی روونکردووەتەوە کە ستراتیجی ئەو کاتی سوپای ئەمریکا ئەوە بووە لە بنکە دوورەکانەوە هێرش بکەنە سەر داعش، کە بۆ سووتەمەنیی فڕۆکەکان باش نەبووە و هێرشەکانیش بەو جۆرە کاریگەر نەبوون.
بەڵام جەنەراڵەکە پێی گوتووە، دەکرێت بنکەی ئاسمانییەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق و سووریا بەکاربێنن.
جەنەراڵەکە نیگەرانیی ئەوە بووە کە جموجوڵی فڕۆکە جەنگییەکان وڵاتەکان بێزار بکەن، بەڵام ترەمپ دەڵێت: "پێم گوت، ئێمە ملیاران دۆلاریان پێدەدەین، با ئەوانیش هەندێک بێزار بن. کەسیش نازانێت فڕۆکەکانمان بۆ کوێ دەڕۆن."
ترەمپ گوتی، دوای بیرکردنەوەیەکی کورت لە واشنتن، رەزامەندیی لەسەر پلانی جەنەڕاڵەکە داوە. "گوتم، 'بڕۆ بۆی جەنەڕاڵ، دەستپێبکە.' و ئەویش بە تەواوی لێیدان و ئێمە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا 100%ی خەلافەتەکەی داعشمان بەزاند. تەواو جیاواز لەوەی لە واشنتن دی سی لەلایەن کۆمەڵێک بێکەڵکەوە پێم گوترابوو."
چیرۆکەکە بەشێک بوو لە گوتارێکی فراوانتر کە تێیدا ترەمپ ستایشی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد. هەر لەوێ تیشکی خستە سەر بودجەیەکی نوێی بەرگری بە بڕی یەک ترلیۆن دۆلاری و جەختی لەسەر "بەدیهێنانی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە" کردەوە.
ئەمە یەکەم جار نییە ترەمپ باس لە نهێنیی گەشتەکەی دەکات.
دوای گەشتەکەی 26ی کانوونی یەکەمی 2018، بە میدیای ئەمریکی گوتبوو: "خۆزگە بتانبینیبا بەو فڕۆکە تاریکستانە بەنێو چیدا تێپەڕین، پەردەی هەموو پەنجەرەکانی داخرابوون، هیچ رووناکییەک پێنەبوو. تەواو تاریک بوو. هەرگیز شتێکی وام نەبینیوە."
دوای نزیکەی سێ مانگ لەم گەشتەی ترەمپ، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە 23ی ئاداری 2019، بە کۆنترۆڵکردنی باغۆز لە سەر سنووری سووریا و عێراق، کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعشیان راگەیاند.