عێراق نەخشەى رێگەى گەشەپێدان رادەستى چوار پارێزگا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى گواستنەوەى عێراق نەخشەى رێگەى گەشەپێدان رادەستى چوار پارێزگا دەکات کە تایبەتن بەو زەوییانەى پڕۆژەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت و لیژنە بۆ یەکلاکردنەوەى خاوەندارێتییان پێکدەهێنرێت.
پێنجشەممە، 15ى ئایارى 2025، مەیسەم سافى، گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "نەخشەى کادسترۆى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان رادەستى پارێزگاکانى زیقار، موسەننا، دیوانیە و بەسرە کراون."
پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەرى فاو لە بەسرە دەستپێدەکات تاوەکو دەچێتە سنوورى باکووری کوردستان و تورکیا.
نەخشەى کادسترۆ تایبەتە بە خاوەندارێتى ئەو زەوییانەى کە پڕۆژەکەى پێدا تێپەڕ دەبێت کە موڵکى دەوڵەت یان هاووڵاتیان بێت، بۆ ئەوەى رێوشوێنى پێویست بگیرێتەبەر بۆ ئەوەى بکرێن بە ناوى وەزارەتە پەیوەندارەکان کە لە پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان بەشدارن.
مەیسەم سافى گوتى: "لەو نەخشانەدا ژمارەى ئەو کەرت و پارچە زەوییانەى تێدایە کە دەکەونە سەر رێگەکەى گەشەپێدان".
هێڵەکە بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت و تێچووى 17 ملیار دۆلارە، دوو هێڵى ئاسن و وشکانییە بۆ گواستنەوەى کاڵا و گەشتیار.
گوتەبێژى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق رایگەیاند، بڕیارە لیژنە لاوەکییەکانى بەناوکردن بە سەرۆکایەتى پارێزگاکانى ئەو چوار پارێزگایە و ئەندامێتى لایەنە پەیوەندارەکان دەست بکەن بە بەناوکردنى ئەو زەوییانەى دەکەونە سەر رێگەى گەشەپێدان، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنى.
بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى رێگەى گەشەپێدان، پێویستە ئەنجوومەنى ئەو پارێزگایانە، دەنگ لەسەر نەخشەى تێپەڕبوونى پڕۆژەکە و وردەکارییەکەى بدەن.
ئەحمەد ئیراهیمى، ئەندام و گوتەبێژى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو ئێستا لیژنەکان پێکنەھێنراوە و نەخشەى تێپەڕبوونى پڕۆژەکەش بەنێو پارێزگاکەیدا دەنگى لەسەر نەدراوە، بڕیارە رۆژى 20ى ئایار ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار لەبارەى ئەو نەخشەیە کۆببێتەوە و گفتوگۆى لەبارەوە بکات.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە ساڵی 2028 تەواو دەبێت و دوایین قۆناخى لە 2050 تەواو دەبێت.