وەزیرە 38 ساڵانەکەی عێراق رووبەڕووی قەیرانێکى 23 ساڵی دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بە 38 ساڵ تەمەنەوە، عەلی سەهیوود بووە گەنجترین وەزیری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق؛ ئەو بەربژێرەی سوودانی، پۆستی وەزارەتی کارەبای وەرگرتووە، کە 23 ساڵە بە دەست قەیرانی کورتهێنانی کارەباوە دەناڵێنێت.
 
عەلی سەعدی وەهیب سوهیوود، لە دایکبووی 1988، لەنێو ئەو 14 وەزیرەی کە لە دانیشتنی 14ی ئایاری 2026 متمانەیان وەرگرت، گەنجترینیان بوو. وەزارەتی کارەبای لەسەر پشکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وەرگرت، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو سەرۆکایەتیی دەکات.
 
بە گوێرەی سیڤییەکەی کە بۆ پەرلەمان نێردراوە، ئەزموونی عەلی سەهیوود لە رێگەی گرووپی کۆمپانیاکانی رەبان سەفینە دەستیپێکردووە، کە هى باوکیێتى.
 
گرووپی کۆمپانیاکانی رەبان سەفینە لە ساڵی 1997 دامەزراوە کە تایبەتە بە بەڵێندەرایەتیی گشتی، ئەو کات و ئێستاش زۆرینەى کارەکانى  لە ناو عێراقە.
 
کۆمپانیاکە لە بواری نەوت و گاز، ژێرخان، خانووبەرە، تەکنەلۆژیا و گەشتیاری کار دەکات. عەلی سەهیوود، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکە و ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و خاوەنی پشک بووە لە بەشێک لە کۆمپانیا پێکهێنەرەکانی دا.
 
عەلی سەهیوود بە 38 ساڵ تەمەنەوە دەبێت رووبەڕووی قەیرانێکی کارەبا ببێتەوە لە عێراق کە تەمەنی 23 ساڵە.
 
بەرهەمی کارەبای عێراق لە باشترین دۆخی دا 29 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە 50 هەزار مێگاوات.
 
ئاڵنگارییەکانی بەردەم وەزیرە گەنجەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کارەبا زۆرن؛ کەمبوونەوەی گازی هاوردەکراو لە ئێران، دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی ناوخۆیی و دواکەوتنی پڕۆژەکانی راکێشانی کارەبا لە کەنداو، ئەو بەربەستانەن رووبەڕووی وەزیرە نوێیەکە دەبنەوە.
 
پسپۆڕی و بڕوانامەکانی پاڵپشت بوون بۆ ئەوەی عەلى بەو تەمەنە کورتەوە ببێتە بەربژێری یەکێک لە هەستیارترین وەزارەتەکان؛ لە زانکۆی گلاسکۆ لە بەریتانیا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاریی ئەلیکترۆنی و کارەبایی بەدەستهێناوە، لە زانکۆی هارڤاردی ئەمریکاش بڕوانامەی پڕۆگرامی ئامادەکردنی سەرکردەی وەرگرتووە، لە کۆمپانیای سیمێنسی ئەڵمانیش خولی پێشکەوتووی لەبارەی ژێرخانی کارەبا بینیوە.
 
بەشێک لە ناوبانگی عەلی سەهیوود، پەیوەندیی بە سەعدی وەهیب سەهیوودی باوکییەوە هەیە، کە دامەزرێنەر و خاوەنی گرووپی کۆمپانیاکانی رەبان سەفینەیە. 
 
ئەرکی ئەو هاووڵاتییە شیعەیەی بەغدا لە کابینەکەی عەلی فالح زەیدی پێناچێت ئاسان بێت، بەڵام پشتی بە هاوپەیمانییەکی ئەستوور بەستووە کە 46 کورسی لە پەرلەمان هەیە.
 
زانکۆى ئەمریکى لە بەغدا لە پیرۆزییەکدا بۆ عەلى سەهیوود نووسیویێتى :"تێروانێکى باش و ئەزموونێکى کردارى لەگەڵ خۆیدا بۆ وەزارەتى کارەبا دەبات".