دوو فراکسیۆن لە هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی کشانەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی و بزووتنەوەی سۆمەرییون کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان راگەیاند، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى پێشوو، سەرۆکایەتی دەکات، ئەو دوو فراکسیۆنە هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەو پشێوییەی لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەت لە پەرلەمان دروست بووە.
رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، ئەو دوو فراکسیۆنە لە راگەیێنراوێکدا کشانەوەیان لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان راگەیاند.
ئەو دوو فراکسیۆنە رایانگەیاندووە، کشانەوەیان بەهۆی ئەو دۆخە بووە کە لە کۆبوونەوەی 14ی ئایاری پەرلەماندا روویداوە، بەهۆی پەشیمانبوونەوە لە رێککەوتنە سیاسییەکان و پەشیمانبوونەوە لە بەڵێنەکان و ئەو پەیماننانەى کە پێشتر سازانیان لەسەر کراوە؛ ئەوە جگە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەراوێزخستن بەرامبەر بە ژمارەیەک لە نوێنەرانی گەل، کە بە شێوەیەک ئەو هەڵسوکەوتانە لەگەڵ بنەماکانی دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی ناگونجێت، کە دەبوو لە پەرلەمان کاری پێ بکرێت.
لە دانیشتنی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا، دەنگ بە بەربژێری 14 وەزارەتى کابینەى نوێى حکومەت درا و چواری دیکەیان رەت کرانەوە.
ئەو دوو فراکسیۆنە رایانگەیاندووە: "هەوڵی سەپاندنی بەربژێرە دەستنیشانکراوەکان هەبووە لەو کەسانەی کە گەل متمانەی پێیداون و بە عەقڵییەتی کەسی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکان دەکرێت و بەرژەوەندیی کەسی سەپێنراوە بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، ئەوەش وای کرد کە دۆخێکی بێسەروبەری و دڵەڕاوکێ لە پەرلەمان رووبدات، کە سەرکردایەتیی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەرپرسیارییەتیی بەشێکی هەڵدەگرێت."
فراکسیۆنی عەقدی نیشتمانی لەلایەن فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت و فراکسیۆنی سۆمەرییون لەلایەن ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.