بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی: لە دەنگدان بە کابینەکەی زەیدی پێشێلکاریی یاسایی کراوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئەنجامدانی "پێشێلکاریی یاسایی" تۆمەتباردەکات و دەڵێ، بە مەبەست رێگری کراوە لەوەی قاسم عەتا متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی دەنگی پێویستی هەبوو.
هیشام روکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، رۆژی هەینی، 15ـی ئایاری 2026، لە پۆستێکدا لە (ئێکس) رایگەیاند، خوێندنەوەی ناوی بەربژێرەکانی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بە گۆڕینی شێوازی نووسراوی راسپاردن و ریزبەندیی ناوەکان، رێکارێکی پێچەوانەی "نەریتی پەرلەمانی" بوو.
هیشام روکابی نوسیوویەتی، لە پێکهێنانی شەش حکومەتی رابردووی عێراقدا هەمیشە وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوەی سێ وەزارەتە یەکەمەکاندا پێشکێش کراوە، چونکە وەزارەتێکی سیادی و گرنگە، بەڵام ئەمجارە بە شێوەیەکی جیاواز و نائاسایی مامەڵەی لەگەڵ کرا.
بەگوتەی هیشام روکابی، ئەم گۆڕانکارییە گومانی جیدی دروست دەکات و "ئاشکراکردنی ئەو نیەتە پێشوەختەیە کە هەبووە بۆ رێگری لە تێپەڕاندنی فەریق قاسم عەتا و بێبەشکردنی لەو پۆستەی کە شایستەی بووە."
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی نووری مالیکی باسی لەوەش کردووە، پێشێلکارییەکان تەنیا لە ریزبەندیی ناوەکاندا نەبووە، بەڵکو لە پرۆسەی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکانیشدا رێکارەکان پێشێل کراون.
هیشام روکابی دەڵێ: "ئەرکی ژماردنی دەنگەکان بە فەرمانبەرانی پسپۆڕی ناو پەرلەمان نەسپێردرا، وەک ئەوەی لە دانیشتنەکانی متمانەداندا باوە، بەڵکو پرۆسەی دەنگدانەکە لە ماوەیەکدا ئەنجامدرا کە لە یەک خولەک تێپەڕی نەدەکرد."
ئەم تۆمەتانەی دەوڵەتی یاسا لە کاتێکدایە، رۆژی پێنچشەممە، 14ـی ئایاری 2026 پەرلەمانی عێراق متمانەی بە زۆرینەی وەزیرەکانی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی دا، بەڵام بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ لەو کەسانە بوو متمانەی بەدەست نەهێنا.
هەر دوای دانیشتنەکەی پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "نەریت وایە بەربژێری وەزیری وەزارەتە سیادییەکان بخرێتە پێشەوە، ئەمان هەستان ئەو وەزارەتانەی خۆیان دەیانەوێ خستیانە پێشەوە و دەنگیان پێیاندا، ئەوانی دیکە (وەزیری ناوخۆ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و چەند وەزیرێکی دیکە)یان دەرنەچوواند بێ ئەوەی تەماشای رێژەی یاسایی بکرێت ."
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، "ئەمە یەکەمجارە کاری وابکرێ، هەرگیز بووە وەزیری کارەبا بخرێتە پێش وەزیری ناوخۆ یان دەرەوە؟ ئەوانەی خۆیان ویستیان لە سەرەتاوە دەنگیان پێدا و ئەوانی دیکەیان تێنەپەڕاند."
کابینەکەی زەیدی چۆن تێپەڕێندرا؟
کابینە وەزارییەکەی عەلی فالح زەید، لە 23 وەزارەت پێکهاتووە، 19 بەربژێری وەزیر برانە پەرلەمان، دەنگ بە 18یان درا و 14یان پەسندکران. یەکێکیان (وەزیری ناوخۆ) دواخرا و چواریش ماون بخرێنە دەنگدانەوە.
وەزیرە پەسندکراوەکان:
- خالید شوانی، وەزیری داد - یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
- فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە - پارتی دیموکراتی کوردستان
- عەبدولڕەحیم شەممەرى، وەزیری کشتوکاڵ - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- مستەفا جەبار سەنەد، وەزیری گەیاندن - ئەبشیر یا عێراق
- عەبدولکەریم عەبتان جبووری، وەزیری پەروەردە - تەقەدووم
- سروە عەبدولواحید، وەزیری ژینگە - نەوەی نوێ
- مستەفا عانی، وەزیری بارزگانی - هاوپەیمانی سیادە
- وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوە - رێکخراوی بەدر
- محەممەد کەربوولی، وەزیری پیشەسازی - تەقەدووم
- فالح ساری عەبداشی، وەزیری دارایی - رەوتی حیکمە
- عەلی سەعد وەهیب، وەزیری کارەبا - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستی - نەهجی نیشتمانی
- موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو - رێکخراوی بەدر
- باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوت - ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان