"عێراق بەنزینی تێکەڵە دروستدەکات؛ "کاریگەریی خراپی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی لە زیانی دارایی بەدووربێت، بەنزینی کوالێتیی بەرز لە دەرەوەی وڵات دەکڕێت و لەگەڵ نەفتا تێکەڵی دەکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر کوالێتیی بەنزینەکە دروست دەکات و کاریگەریی خراپیش بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکان دەبێت.
ماوەیەکە خەڵک و شوفێران گلەیی لە خراپیی کوالێتیی بەنزین دەکەن، کە کاریگەی خراپی کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان و پەکیان دەخات، بە تایبەتی لە وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمادا، لە کاتێکدا بەنزینی موحەسەن و سوپەر کوالێتییان باشە، بەڵام نرخیان گرانە، بۆ داهات سنووردار و شوفێرانی تاکسی گونجاو نییە.
باسم نغێمش، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 15-06-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ پڕکردنەوەی کەمیی پێداویستیی نێوخۆیی، عێراق لە دەرەوە لیتری بەنزین بە 1,200 دینار دەکڕێت، رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 30 ملیۆن لیتر بەنزینە، لەکاتێکدا هەموو بەرهەمی ناوخۆیی دەگاتە نیوەی ئەو بڕە".
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی زیانی ئابووری نەکات، بەنزینی ئۆکتان بەرز لە دەرەوە دەکڕێت و لەگەڵ مادەی نەفتا و بەرهەمی نێوخۆیی تێکەڵی دەکات، دواتر بە نرخی جیاواز دەیفرۆشێتەوە، لەوانە 450 دینار، یان 650 دینار یان 1,000 دینار.
بەم دواییانە، حکومەتی عێراق رایگەیاند، پاڵاوگەی کەربەلا کە بەمدواییانە دروستکراوە 70٪ی هاوردەکردنی سووتەمەنی کەمدەکاتەوە، بەوپێیەی رۆژانە 8 بۆ 9 ملیۆن لیتر بەرهەم دەهێنێت.
سەبارەت بە کاریگەری بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکان، ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز گوتی: "بەنزینی موحەسەن یان ئۆکتان بەرز زۆر جیاوازە لە بەنزینی نۆرماڵ، شتێکی سرووشتییە کاریگەری لەسەر ئۆتۆمبێڵ دروست بکات، تێچووی بەنزینی ئۆکتان بەرز لەسەر حکومەت 1,200 دینار دەکەوێت، بۆیە لەبەر هۆکاری ئابووریی لەگەڵ بەنزینی دیکە تێکەڵی دەکات".
بەپێی ماڵپەری (global petrol prices) عێراق لە ئاستی جیهاندا لە هەرزانیی نرخی سووتەمەنی (بەنزین) لە کۆی 140 وڵاتدا لە پلەی چواردەمینە.