عێراق ستایشی کوێت دەکات بۆ کارئاسانیکردنی بۆ گەڕاندنەوەی حاجییان و گەشتیارانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ستایشی کوێت دەکات بەهۆی ئەو کارئاسانییەی پێشکێشی گەشتیار و حاجییانی عێراقی کردووە بۆ گەڕانەوەیان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ عێراق.
شەوی رابردوو 14ـی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی کاروباری ناوخۆی کوێت، دەیان پاسی گەشتیاریی بۆ حاجییان و گەشتیارانی عێراق تەرخان کرد کە بەهۆی قەدەخەی گەشتە ئاسمانییەکانەوە بەشێکیان لە کوێت و بەشێکی دیکەشیان لە سعودیە گیریان خواردبوو.
حکومەتی کوێت وێڕای پێشکێشکردنی هاوکاریی مرۆیی و تەندروستیی، گەشتیار و حاجییانی بە پاسی تایبەت رەوانەی دەروازەی سەفوان کرد لەوێشەوە بۆ پارێزگای بەسرە.
لەمبارەیەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە راگەیێندراوێک سوپاس و پێزانینی پێشکێشی وەزارەتی کاروباری نێوخۆیی کوێت کرد بەهۆی ئەو هاوکارییانەی پێشکێشی گەشتیاران و حاجییانی عێراق کردووە.
جەختی لەوەشکردەوە لە ئەنجامی پێشهاتەکانی دوو رۆژی رابردووی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بەهۆیەوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەکە هەڵپەسێردران، حکومەتی کوێت کارئاسانی زۆری کرد لە گواستنەوەی سەلامەتی حاجییان و گەشتیارانی عێراقی لە رێگەی وشکانییەوە و گەیاندنیان بۆ دەروازەی سنووری لە بەسرە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بە پەیوەندیی قووڵی هەردوو گەل و حکومەتی عێراق و کوێت کرد و جەختی لە پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگییەکان کرد.
بەرەبەیانی رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، چەند تەقینەوەیەکی گەورە تارانی پایتەختی ئێرانیان هەژاند، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو وڵاتە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئامانج لێی پەکخستنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بووە. ئێرانیش هەمان رۆژ بە مووشەک و درۆن وەڵامی توندی ئیسرائیلی دایەوە.