نوورى مالیکى: رۆڵەکانی عەلی پێشانی جیهانیان دا سوپای ئیسرائیل لەنێودەچێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا دەڵێت، "ئەوەى ئەمڕۆ رووبەڕووى زایۆنى دەبێتەوە رۆڵەکانى عەلى و شوێنکەوتووانین و جەنگەکەى ئێستا لەنێوان بەرەى عەلى و زایۆنییە".
رۆژی یەکشەممە، نوورى مالیکى رایگەیاند: "لە هەڵوێستى ئەو برا موسڵمانانەشمان کەمناکەینەوە کە پشتیانگرتین، بەڵام ئەمڕۆ جەنگەکە کە ئێوە چاودێریى دەکەن، جەنگێکە لە نێوان بەرەى عەلى و بەرەى زایۆنى."
ئەو گوتانەى نوورى مالیکى، لە بۆنەیەکدا بوو بە بۆنەى جەژنى غەدیرى شیعەکان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 15ى حوزەیرانى 2025 لە بەغدا کرا.
سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا گوتى: "زایۆنى هەر دەفەرتێکى بۆ هەڵکەوتبێت، کارى نەشیاوى بەرامبەر بە ئیسلام و موسڵمانان کردووە، سوپاس بۆ خوا رۆڵەکانى عەلى شتێکى گەورەیان هێنایەدى و ئەوەیان پێشانی جیهان دا کە دەیانگوت سوپاى ئیسرائیل لەناو ناچێت، ئەوەتا لەناو برا."
13ى حوزەیرانى 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن بەرپەرچى هێرشەکانى دایەوە، ئاڵۆزى سەربازیى نێوانیان بەردەوامە.
نوورى مالیکى گوتى: "ئەوەى ئێران بەدەستى هێنا سەرکەوتنێکى گەورەبوو، بوێرییە گەورەکەش، بوێریى عەلییە کە بەرەوڕووى ئەو قەوارەیە ببێتەوە."