پەرلەمانى عێراق لەبارەى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەیەکى نائاسایی دەکات. بە گوێرەى راگەیاندنى پەرلەمان، بۆ "تاوتوێکردنى هێرشى ئیسرائیل بۆسەر ئێران و بەزاندنى سەروەریى عێراقە".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـى حوزەیرانى 2025، راگەیاندنى پەرلەمانى عێراق خشتەى کۆبوونەویەکى نائاسایی بڵاوکردەوە، کە 17ـى حوزەیران دەکرێت. بەگوێرەى خشتەکەى، ئەو کۆبوونەوەیە یەک بڕگەیە کە نووسراوە "کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنى هێرشی زایۆنی لە دژى ئێران و بەزاندنى سەروەریى عێراقە".
13ـی حوزەیرانى 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن بەرپەرچى هێرشەکانى دایەوە، شەڕی نێوانیان بەردەوامە.
ئەو کۆبوونەوەیەى پەرلەمانى عێراق لەسەر داواى یوسف کیلابی، ئەندامى پەرلەمانى عێراقە، زیاتر لە 61 پەرلەمانتار واژۆیان لەسەر داواى ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە کردووە کە زۆرینەیان لە فراکسیۆنە شیعەکانن.
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "دیار نییە پەرلەمانتارانى کورد بەشدار دەبن لەو کۆبوونەوەیە یان نا، لەو بارەیەوە گفتوگۆ نەکراوە."
پەرلەمانى عێراق تاوەکو 9ـى تەممووز لە پشوودا دەبێت، لەو ماوەیەدا دەتوانێت تەنیا کۆبوونەوەى نائاسایی بکات.
دارا سێکانیانى رایگەیاند: ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا راسپاردە دەربکرێت و ئاڕاستەى حکومەت بکرێت، ئەویش ناچار نییە هەموو راسپاردەیەک جێبەجێ بکات.