هاوڕێ تۆفیق: دادگەی فیدراڵی هاوسۆزە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا سەرۆککۆمار و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی عێراق هاوڕا بوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دوورخستنەوەی ئەو پرسە لە کێشە سیاسییەکان.
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و دادوەر جاسم محەممەد عەبوود ئەلعەمێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، رۆژی شەممە لە بەغدا کۆبوونەوە. بەرپرسێک لە سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت، نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بووە.
 
بڕیاربوو بۆ دەرکردنی فەرمانسالارییەک لەبارەی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دادگەی فیدراڵیی "بە زووترین کات" کۆببێتەوە، بەڵام لەپێش جەژنەوە تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە نەکراوە. هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە رووداوی گوت: "بەهۆی حەجەوە تاوەکو ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی کۆنەبووەتەوە".
 
هاوڕێ تۆفیق، کە خۆی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ بەشداربووە، لە کاتی بەشداربوونی لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی: "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چەند باسێک. یەکێکیان تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. سەرۆککۆمار رایگەیاند کە دۆخی مووچەخۆران خراپە و دەبێت کێشەکە چارەسەر بکرێت، چونکە مووچەخۆر پەیوەندی بە کێشەی سیاسیی حکومەتەکانەوە نییە".
 
بە گوتەی هاوڕێ تۆفیق، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی گوتوویەتی: "مووچە بابەتێکی دینیی، ئەخلاقی و مرۆییە. مووچە مافێکی دەستوورییە و ئێمە پێشتر لە بارەیەوە بڕیاری خۆمان داوە، بەڵام هەرێمی کوردستانیش ئەرکی لەسەرشانە بە چارەسەرکردنی بابەتی نەوت و رادەستکردنی داهاتی نانەوتی. بەشێوەکەی گشتیی ئەوان هاوسۆزن بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی دەنێن".
 
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا سەرۆککۆمار و سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی گوتوویانە، "دەبێت" کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت؛ گوتیشی: "هەڵوێستی دادگەی فیدراڵی لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندایە".
 
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکەی دوێنێ لەسەر دەستپێشخەری سەرۆککۆمار بووە؛ گوتیشی، سەرۆککۆمار لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانیش لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
 
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا "سەرۆککۆمار داوای کرد مووچەی خەڵک نابێت تێکەڵی سیاسەت بکرێت و سەرۆکی دادگەی فیدراڵیش هەمان بۆ چوونی هەبوو"، ئەمەش بە گوتەی هاوڕێ تۆفیق کە بەشداربووە لە کۆبوونەکە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار جەختی کردەوە، کە "لە هەموو لایەکەوە" هاوسۆزیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.