وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا ئاگاداری زیادبوونی ئەگەری هێرشی رێکخراوە تیرۆرستییەکانە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەکەیان لە عێراق ئاگاداری زیادبوونی ئەگەری هێرشی "گرووپە تیرۆرستییەکانە" بۆ سەر هاووڵاتییانیان لە عێراق. بە هاووڵاتییانیشیان دەڵێت، مەچنە عێراق.
 
رۆژی یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاگاداری زیادبوونی مەترسیی هێرش و رێکخراوە تیرۆرستییەکانە بۆ سەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاووڵاتییانمان لە عێراق." 
 
دەشڵێت، "داوا لە هەموو هاووڵاتییانمان لە عێراق دەکەین لە شوێنە قەرەباڵخ و کۆبوونەوەکان دوورکەونەوە."
 
رۆژی هەینی، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر ئەویش وەڵامی دایەوە. بە گوێرەی ئاماری فەرمی، لە ئێران بەهۆی هێرشەکانەوە 128 کەس کوژراون و لە ئیسرائیلیش 13 کەس. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، "بەردەوام دەبین لە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە". ئەوان هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیاندا کە سەردانی عێراق نەکەن. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، ئەوان تاوەکو ئێستا بەشێک نین لە جەنگەکە بەڵام ئەگەری بەشداریکردنیشیان هەیە. بەرپرسانی ئێرانیش هۆشدارییان بە ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا داوە کە ئەگەر پاڵپشتی راستەوخۆی ئیسرائیل بکەن، ئەوا بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئامانج دەگرن. 
 
بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن، بەرپرسانی تارانیش دەڵێن، تاوەکو ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ئەوانیش تووندتر وەڵام دەدەنەوە.