ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: رێوشوێن لەدژى ئەوانە دەگیرینەبەر لەم دۆخەدا ئاژاوە دەنێنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی سوودانى کۆبووەوە و رایگەیاند، رێوشوێن لە دژى ئەوانە دەگیرنەبەر کە لەم دۆخەدا ئاژاوە دەنێنەوە و ئامادەیی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ گەلی ئێران بۆ چارەسەرکردنى لێکەوتەکانى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ى حوزەیرانى 2025، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی کرد.
 
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەدا کە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى پەرەسەندن و گرژییەکانى ناوچەکە و رەوش و دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکان کراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی جەختی لە هاوسۆزیی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووەتەوە لە رووبەڕووبوونەوەى هێرشەکانى ئیسرائیل و رایگەیاندووە کە "ئامانجی فراوانکردنی ململانێ و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتییە".
 
ئەو ئەنجوومەنە ئامادەیی عێراقی دووپاتکردەوە بۆ پێشکێشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێویست بە گەلی ئێران بۆ چارەسەرکردنى لێکەوتەکانى ئەو هێرشانەى ئیسرائیل.
 
محەممەد شیاع سوودانى لەو کۆبوونەوەیەدا جەختی لە پێویستی گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست کردووەتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق.
 
13ى حوزەیرانى 2025 ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى ئێران و ئەو وڵاتەش بە موشەک و درۆن بەرپەرچى هێرشەکانى دایەوە، ئاڵۆزى سەربازیى نێوانیان بەردەوامە.
 
فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق داوای کرد هەموو توانایەک بۆ ئاسانکاریی لە گواستنەوەی ئەو عێراقییانە  بخرێتەگەڕ کە  لە وڵاتانی ناوچەکە گیریان خواردووە بۆ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ عێراق، بەوانەشەوە کە لە ئێرانن.
 
 لە راگەیێنراوەکەى ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هاتووە: "رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە ئاژاوە دەنێنەوە یان درۆ بڵاودەکەنەوە و دەیانەوێت دۆخى ناوچەکە بقۆزنەوە بەمەبەستى زیانگەیاندن بە سەقامگیریى لە سەرانسەرى عێراق دا."