پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژەیاسایەک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ وەرزی نوێی یاسادانی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکات و پەرلەمانەکە دەست بە کۆبوونەوەکانی دەکاتەوە و خوێندنەوە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا دەکات.
بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمان 7 بڕگەی لەخۆگرتووە، کە بریتین لە پڕۆژەیاساکانى: سندووقى نیشتەجێکردن، قەرەبووى نەخۆشانى کەمیی بەرگرى، هەموارى یاساى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، هەموارى دەستەى باڵاى دەریایی عێراق، هەموارى یاساى پەیوەندیکردنى عێراق بە رێککەوتنى نێودەوڵەتیى هێڵەکانى گواستنەوە، پەیوەندیکردنى عێراق بە سیستمى بنەڕەتیی ئەنجوومەنى نێودەوڵەتیى خورما و پەیماننامەى رێککەوتنى نێوان عێراق و ئەرمینیا بۆ هەڵگرتنى ڤیزا.
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەرزی یەکەمی پەرلەمان لە 05-05 تەواو دەبوو، بەڵام بەهۆی یاسای بودجەوە مانگێک درێژکرایەوە بۆ 09-6 و بودجەش لە 12- 6 پەسندکرا؛ واتە وەرزی رابردووی پەرلەمان لە بری چوار مانگ، زیاتر لە پێنج مانگی خایاند".
کازم توکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمان دەستدەکات بە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بودجە و پەسندکردنی پڕۆژەیاسا گرنگەکان کە سەرووی 150 پڕۆژەیاسا لە پەرلەمانە.
فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 08-07-2023، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی، 09-07-2023ـی دیاریکرد وەکو دەستپێکی وەرزی دووەمی یاسادانانی ساڵی دووەمی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق، یەکەم دانیشتنی وەرزی دووەمی یاسادانانیش رۆژی 15-07-2023 دەبێت.
دوایین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12-6-2023 بوو، کاتێک پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 پەسند کرا.
بەپێی مادەی 22 لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، ساڵانە پەرلەمان دوو وەرزی یاسادانانی هەیە کە هەشت مانگە و هەر وەرزێکی چوار مانگە، بەشێوەیەک هەموو ساڵێک وەرزی یەکەم لە یەکی ئادار تاوەکو 30ـی حوزەیران دەبێت؛ وەرزی دووەمیش لە یەکی ئەیلوول دەستپێدەکات تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەم؛ هیچ وەرزێکی یاسادانان کۆتایی نایەت تاوەکو یاسای بودجە پەسند نەکرێت؛ مانگانەش نابێت پەرلەمان لە هەشت دانیشتن کەمتر بکات.