کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆتاییهات و باسی مووچە نەکرا

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە هیچ شێوەیەک باسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە."

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە فوئاد حوسێن و بەنگین رێکانی بەشدار بوون.
 
بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەندە بە راپۆرتی ئەو لیژنە وەزارییەی کە رۆژی 8ی ئەم مانگە لەلایەن سوودانییەوە پێکهێنرا بۆ ئەوەى هەردوو رەشنووسی هەولێر و بەغدا لە بارەى داواکارییەکانى نێوانیان لەبارەى پرسى نەوت و مووچە یەکبخەن. هەڵکەوت عەزیز گوتی، "لیژنە وەزارییەکە تاوەکو ئێستا یەک کۆبوونەوەی کردووە و هیچ زانیارییەکی نوێ نییە کە لیژنەکە کەی کۆبوونەوەی دووەمی خۆی دەکات."
 
ئەو لیژنەیە پێکهاتووە لە، محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن؛ خالید شوانی، وەزیری داد؛ ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی و نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
 
ئەمە لەکاتێدایە، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردبوو لە 48 کاژێردا لیژنەکە کارەکانی تەواو بکات و وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیران بدرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پرسەکەی یەکلایی نەکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، حکومەتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە بە نووسراوێکی فەرمیی وەڵامی حکومەتی عێراق و لیژنە وەزارییەکە بدەنەوە، تێیدا ئەوە روونبکرێتەوە کە بۆچی 46 هەزار بەرمیل نەوت پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەوان داوای 65 هەزار بەرمیل نەوت دەکەن.
 
هەر ئەمڕۆ، عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ رێککەوتنێک لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکراوە و دیاریش نییە کەی دەگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
 
دواکەوتنی یەکلای کردنەوەی پرسی مووچە لەکاتێکدایە، نزیکەی 80 رۆژە فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە.