شیعە و بەشێک لە سوننەکانی عێراق دژی رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیلن
رووداو دیجیتاڵ
شیعەکانی عێراق و بەشێک لە سوننەکانی ئەو وڵاتە ئیدانەی رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دەکەن و داوای هەڵوێست وەرگرتن دەکەن.
هاوپەیمانی فەتح، بە سەرۆکایەتی هادی عامری رایگەیاند، ئیدانەی ئەو هەنگاوە دەکەن، داوا لە ویژدانی جەماوەریی ئیماراتی، عەرەبی و ئیسلامی دەکەن لە پاڵ مافی گەلی فەڵەستین بوەستن و هەموو گەلان، وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی بایکۆتی دەسەڵاتدارانی ئیمارات و هەموو ئەوانە بکەن کە دەستی دەوقەکردن بۆ "قەوارەی زایۆنی" درێژ دەکەن.
هاوپەیمانی فەتح داوای زیندووکردنەوەی هۆشیاری ئیسلامی دەکات بۆ دەرخستنی بەهای ئیسلامی و دەشڵێت ئەو ئومەتە بە تەنیا دەسەڵاتدارانی ئیمارات نین، بەڵکو ئەو بوونە گەشەیسەندووە و هۆشیاری بەرگری و قارەمانییەتی لە گۆڕەپانی ئەو ئومەتەدا درێژ دەبێتەوە.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان. دۆناڵد ترەمپیش رێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد.
نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێكدا ئاساییكردنەوەی هەموو جۆرە پەیوەندییەك لەگەڵ ئیسڕائیل رەتدەكاتەوەو پێیوایە "هەوڵەكانی نزیكبوونەوەی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئیسڕائیل ناپاكیكردنە لە ئەمانەتی خودا و موسوڵمان، هەروەها بازدانە بەسەر ئەو قوربانیە زۆرەی ئوممەتی ئیسلامی داویەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسڕائیل و پێشێلكردنی بەردەوامی پرسی دادوەرانەی فەلەستین".
مالیكی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیل بە چەسپاندنی "پلانی ریسوایی" دەزانێت و دەڵێت: "پڕۆتۆكۆلی هاریكاری نێوان ئیمارات و ئیسڕائیل بە نێوەندگیری ئەمریكا هەوڵَێكە بۆ دووبارە چەسپاندنەوەی پلانی ریسوایی و لەدەستدانی ئەو مافە رەوایانەی گەلی فەلەستین كە شەرعیەتی نێودەوڵەتی دانی پێداناون".
دەشڵێت "ئەو هەنگاوە پێشبینینەكراوەى ئیماراتی عەرەبی سەلماندنی گرێبەستی سەدەیە كە نەخشەی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی ئیسڕائیل دەگۆڕێت، هاوكات پێشێلكردن و سەرپێچیكردنی بڕیارەكانی كۆمكاری عەرەبی، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەیە كە دانیان بە مافەكانی گەلی فەلەستین داناوە لەسەر خاكی خۆیان".
بەپێی راگەیەندراوەكە "مالیكی داوا لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكات دەنگ هەڵبڕن و ئەو داڕووخانە سیاسییە عەرەبییە رەتبكەنەوە، داواش لە ئوممەی ئیسلامی و عەرەبی دەكات سەركۆنەی "ئەو هەنگاوە ترسناكە" بكەن و كار لەسەر وەستاندنی بكەن".
لای خۆیەوە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلحەق هێرشی تووندی کردە سەر ئەو رێککەوتنە و رایگەیاند، ئەو هەڵوێستە خەجاڵەتبارەی دەسەڵاتدارانی ئیمارات زنجیرەیەکە لە زنجیرەکانی خیانەت و بەکرێگیراویی.
خەزعەلی ئاماژەی بەوەکرد، سیستەمێک بە سەرۆکایەتی ئالسعود ژینگەیەکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆیە دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری کرانەوە بە رووی قەوارەی زایۆنی، بۆ ئەوەی زنجیرەی دیکەی ئاسایی بوونەوە پێشکەش بکات.
قەیس خەزعەلی جەخت لەوەدەکاتەوە، میحوەری بەرگری "مقاوەمە" بەهەموو شێوەیەک ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیلی رەتدەکاتەوە و دژی ئەو پرۆژەیە دەوەستێتەوە و شکستیپێدەهێنن.
هەروەها بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی، کە بەرەیەکی عەرەبی سوننە مەزهەبە ئیدانەی رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل دەکات و بە رۆژێکی خامناک ناوی دەبات.
بەرەی رزگاری و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "یادەوەریی عەرەبی ئیسلامی پێویستی بە هیچ بەڵگەیەک نییە لەبارەی تۆمارەکانی زایۆنی و خواردنی مافی گەلی عەرەبی فەڵەستینی، لێدان لە یاسا و رێساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە" .
بەرەی رزگاری و گەشەپێدان دەڵێ، راگەیاندنی پرۆتۆکۆلی هاوکاری نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە چاودێری ئەمریکا دووپاتدەکاتەوە لەسەر لێکترازانی ریزی عەرەبی و پابەندنەبوون بە رێککەوتننامە عەرەبییەکان و گەڕاندنەوەی زنجیرەی کامپ دیڤد و ئۆسلۆ و لێکەوتە هیوابڕەکانی.
بەرەی رزگاری و گەشەپێدان دووپات لە پەرەنسیپە نەگۆڕەکانی دەکاتەوە و ئیدانەی ئەو رێکەوتنە دەکات و داوا هەڵوەستەی عەرەبی و مافی عەرەبی فەڵەستینی دەکات