پارەى قەرەبووى مادەى 140 بۆ شوێنى دیکە جگە لە ناوچە جێناکۆکەکان خەرج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
پارەى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140ى دەستوورى عێراق بۆ شوێنى دیکەى جیاواز لە ناوچە جێناکۆکەکان خەرجکراوە. لایەنە شیعەکان دەیانەوێت 425 هەزار خێزانى عەرەبی ناوچەکانى نێوەڕاست و باشووری عێراق لەسەر بودجەى جێبەجێکردنى ئەو مادەیە بە پاساوى زیانبەرکەوتن قەرەبوو بکرێنەوە، لەکاتێکدا 527 هەزار دۆسیەى خێزانى زیانلێکەوتووى هەرێمى کوردستان هەیە کە پارەکە نەیگرتوونەتەوە و لەدواى ساڵى 2014ەوە قەرەبووى ناوچە جێناکۆکەکانیش نەکراوەتەوە.
یەکەم کۆبوونەوەى لیژنەى مادەى 140ى پەرلەمانى عێراق لەگەڵ هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەکە لە 13ى ئاب پەردەى لەسەر یەکێک لە دۆسیە هەستیارەکان لادا، کە خەرجکردنى پارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو مادەیە بوو بۆ ئەو ناوچانەى کە ناکەونە سنوورى ناوچە جێناکۆکەکانى عێراقەوە.
هادى عامرى لەکۆبوونەوەکەدا ئاماژەى بەوەدابوو کە بەشێک لە پارەى مادەى 140 بۆ شارەکانى بەسرە، زیقار، میسان تەرخانکراوە.
بەگوێرەى مادەى 140ى دەستوورى عێراق، دەبێت دەسەڵاتى جێبەجێکردن هەنگاوە پێویستەکانى جێبەجێکردنى مادەى 58ى یاساى کارگێڕى دەوڵەتى عێراق بۆ قۆناخى گواستنەوە بگرێتەبەر بە هەموو بڕگەکانییەوە کە بریتین لە قۆناخەکانى ئاساییکردنەوە، سەرژمێرى، راپرسی لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانى دیکە.
دیلان غەفوور، ئەندامى لیژنەى مادەى 140 لە پەرلەمانى عێراق رۆژی سێشەممە، 15-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لە یاساى بودجەى ساڵى 2021 بڕى 50 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140 تەرخانکراوە، بێ ئەوەى هیچ بڕێکى بۆ قەرەبووکردنەوەى ئەو کەسانە خەرجکرابێت لە کەرکووک کە مادەى 140 دەیانگرێتەوە. تەرخانکردنى پارەى مادەى 140 بۆ شارەکانى نێوەڕاست و باشوور سووتاندن و تێکدانى باخەکانیشى گرتووەتەوە کە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس ئەنجامدراوە".
خەرجکردنى بڕێک لە بودجەى مادەى 140 بۆ ناوچەکانى دیکە کە جێناکۆک نین لە کاتێکدایە لە یاساى بودجەى گشتى ئەمساڵى عێراقدا بڕى 100 ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ قەرەبووکردنەوە لەگەڵ ئەوەى کە 439 ھەزار دۆسیە لەبەردەم لیژنەکەدایە بۆ یەکلاکردنەوەى.
سەرچاوەیەک لەو کۆبوونەوەیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "هادى عامرى پێى گوتین ئەو 100 ملیار دینارە کەمە بۆ قەرەبووکردنەوە و ئەگەر بودجەکە ساڵانە ئەوەندە بێت، بە بیست ساڵیش زیانلێکەتووانى مادەى 140 قەرەبوو ناکرێنەوە".
لەساڵى 2014ەوە تاوەکو 2021 هیچ بڕە پارەیەک بە دیاریکراوى بۆ جێبەجێکردنى مادەى 140 تەرخان نەکرا، کە تایبەتە بە ناوچە جێناکۆکانى کەرکووک، سەڵاحەدین، دیالە، نەینەوا. قەرەبووى خێزانە ئاوارەکان 10 ملیۆن دینارە لەکاتێکدا عەرەبە هاوردەکان بۆ گەڕانەوە دوو هێندەیان پێدەدرێت.
کاکەڕەش سدیق، سەرۆکى نووسینگەى جێبەجێکردنى مادەى 140 لە کەرکووک رۆژی سێشەممە، 15-8-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "لەو ساڵانەدا زیادەیەک لە بودجەى بەکاربردن بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلکەوتووانى مادەى 140 خەرجکراوە کە زۆر کەم بووە. ساڵانە 50 بۆ 100 چەکى قەرەبوو بووە کە بەشێکیشیان بۆ قەرەبووى ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق خەرجکراوە".
کاکەڕەش سدیق رایگەیاند، بەشێک لە قەرەبووکردنەوەکانى ناوچەکانى نێوەڕاست و باشوور بۆ ناوچە سنوورییەکان بوون لەگەڵ ئێران کە بەهۆى جەنگى نێوان هەردوو وڵات زیانیان بەرکەوتووە.
دیاترین ناوچەى باشوورى عێراق کە دەکەوێتە سنوورى مادەى 140، قەزاى نوخێبە لە نێوان هەردوو پارێزگاى ئەنبار و کەربەلا کە شیعەکان دەیانەوێت بیخەنەوە سەر کەربەلا.
چیرۆکى زیادکردنى هاووڵاتیانى زیانلێکەوتووى شارەکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراق بۆ پارەى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستوور، لە شرۆڤەى هەندێک لەلایەنە شیعەکانەوە بووە کە گوایە قەرەبووى مادەکە زیانلێکەوتوانى دەستى دەسەڵاتی پێشوو دەگرێتەوە بەشێویەکى گشتى و ئەو ناوچانەشیان زیانلێکەوتوون.
رائید فەهمى، وەزیرى پێشووترى زانست و تەکنەلۆژیاى عێراق کە لە نێوان ساڵانى 2007 بۆ 2010 سەرۆکى لیژنەى جێبەجێکردنى مادەى 140 بووە، رۆژی سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو شرۆڤەیە لەساڵى 2009 باسکرا و لەدواى ساڵى 2012 کارى پێکرا و خەرجکردنى پارەى مادەى 140 ئەو کەسانەشی گرتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە، نەک بە تەنیا ناوچە جێناکۆکەکان.
رائید فەهمى گوتیشى، "ئەوان سوودیان لە وشەى زیانلێکەوتووان وەرگرتووە بۆ ئەو هەنگاوە، ئەوەش جێگەى گفتوگۆیە کە بۆچى ئەوە هەرێمى کوردستان نەگرێتەوە".
مادەى 140ى دەستوور پشتى بەستووە بە مادەى 58ى یاساى کارگێڕى دەوڵەتى عێراقى بۆ قۆناخى گواستنەوە کە لەساڵى 2003 پەسندکراو تاوەکو پەسندکردنى دەستوور لەساڵى 2005 کارى پێکرا، کە تیایدا باس لە هەڵگرتنى ستەم دەکات لەسەر ئەوانەى لەسەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس ستەمیان لێکراوە.
لە بڕگەى یەکەمى ئەو مادەیەدا هاتووە کە دەبێت ئەو ستەمە هەڵبگیرێت کە بەهۆى مامەڵەکەى دەسەڵاتی پێشوو دروست بووە، لە گۆڕینى دیمۆگرافیاى دانیشتووان لەچەند ناوچەیەکى دیاریکراو، لەوانە کەرکووک لەرێگەى کۆچپێکردن و دوورخستنەوەى کەسانێک لە شوێنى نیشتەجێبونیان.
فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رۆژی سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لایەنە عەرەبەکان لیستێکى 425 هەزار کەسیان هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەیان کە لە دەرەوەى ناوچە جێناکۆکەکانن، لەکاتێکدا ئەوان لە هەرێمى کوردستان 527 هەزار دۆسیەیان لایە کە زەرەمەندى دەستى دەسەڵاتی پێشوو بوون، کە بەوپێیە دەبێت ئەوانیش قەرەبووکردنەوەکە بیانگرێتەوە؛ گوتیشى: "هیچ بڕیارێک نییە کە رێگر بێت لەوەى پارەى قەرەبووى مادەى 140 زیانلێکەوتوانى هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە بە هەمان شێوەى پارێزگاکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق".