عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتی دژی داعش لیژنەیەکى باڵا پێکدەهێنن
رووداو دیجیتاڵ
عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لیژنەیەکى باڵا پێکدەهێنن بۆ جێبەجێکردنى ئەنجامى دیالۆگى نێوانیان لە بارەى قۆناخى دواى تێکشکاندنی داعش.
15ى ئابى 2023 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتیمانى کرد.
لە راگەیێندراوێکدا لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق دەڵێت، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى گفتوگۆکانى سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق لە ویلایەتە یەکگرتووکانى ئەمەریکا و کۆبونەوەى لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتى بەرگرى ئەو وڵاتە کراوە.
لیوا یەحیا رەسوول باس لەوە دەکات، وەزیری بەرگریی عێراق لە ئەمریکا باسی لە پەیوەندى داهاتووی نێوان عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش کردووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانى ئەنجوومەنى وەزارى ئاسایشى نیشتیمانى، رێککەوتنى شاندى عێراق و ئەمەریکایان پەسند کردووە بۆ پێکهێنانى لیژنەیەکى باڵاى هاوبەش لەنێوان عێراق و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ جێبەجێکردنى ئەنجامەکانى دیالۆکى هاوبەشی نێوانیان.
محەممەد شیاع سوودانى وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق فەرمانى داوە بە سوپاسالارى عێراق بە پەیوەندیکردن بە فەرماندەى باڵای هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق بۆ ئەوەى کارى لیژنەی دوو قۆڵى نێوانیان دەستپێبکات.
7ى ئاب سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق بە یاوەرى شاندێکى وەزارەتەکەى سەردانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاى کرد و لەگەڵ لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئامانج لەو گفتوگۆیانە پەیوەندى داهاتووی هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژی داعش و عێراق و هاریکارى دوو قۆڵى ئەمنى نێوان بەغدا و واشنتن بوو.