بەرهەم ساڵح هۆشداری دەدات لەوەی عێراق ببێتە بیابان
رووداو دیجیتاڵ
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق دەڵێت، کارەساتە ژینگەییەکان هەڕەشە لە عێراق دەکەن و وڵاتەکە زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە.
بە بۆنەی تێپەڕینی 20 ساڵ بەسەر هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، بەرهەم ساڵح لە کۆنفرانسێکی زانکۆی جۆرج تاون لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەشداری لە کۆنفرانسێکدا کرد.
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە نیوەی خاکی عێراق لە ژێر هەڕەشەی بێ پیتبووندایە و نزیکەی 40٪ـی زەویەکەی هەر لە ئێستاوە بەهۆی بەبیابانبوونەوە زیانی بەرکەوتووە.
کەمبوونەوەی لە رادەبەری ئاو لە ئەنجامی وشکەساڵی و بەڕێوەبردنی خراپی حکومەتەوە، زیانێکی گەورەی بە گەنم، میوە و ماسی گەیاندووە.
رێکخراوە مرۆییەکان ماوەی چەندین ساڵە هۆشداری دەدەن کە دەکرێت وشکەساڵی و خراپ بەڕێوەبردن، ملیۆنان عێراقی لە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات بێبەش بکەن.
بۆ دابینکردنی نزیکەی هەموو پێداویستیی ئاوەکەی، عێراق پشت بە دوو رووبارەکە دەبەستێت.
بەرهەم ساڵح گوتی، دروستکردنی بەنداو لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە وایکردووە کە ئاوێکی کەم بە عێراق بگات، کە ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر کشتوکاڵەکەی.
بەسرە کە شوێنی بە بەیەکگەیشتنی دوو رووبارەکەیە، گەورەترین زیانی بەهۆی قەیرانی کەمئاوییەوە بەرکەوتووە و کێڵگە بەپیتەکانی جارانی گۆڕدراون بۆ بیابانێکی بێ دار، لەوەش خراپتر، بەهۆی زیادبوونی سوێریی ئاوەکەیەوە، وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو بە ناچاری داخراون.
سەرۆککۆماری پێشووی عێراق گوتی، "زیانی مرۆیی چاوەڕوانکراوی ئەم گۆڕانانە گەورەیە. حەوت ملیۆن عێراقی بە جۆرێک لە جۆرەکان بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە و لە بەردەم مەترسیی دەربەدەربووندان."
ئەمساڵ، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنیدا کە رێوشوێنی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بگرێتەبەر کە کاری لە ملیۆنان دانیشتووی وڵاتەکە کردووە.
بەرهەم ساڵح گوتی، "دەکرێت لە ساڵی 2035ـەوە کورتهێنانی ئاوی وڵاتەکە ساڵانە بگاتە 10.8 ملیار مەتر سێجا".
بەرهەم ساڵح هۆشداریشی دا کە ئەم ئاسۆیە تاریکە تەنیا لە بەردەم عێراقدا نییە، بەڵکو "تەواوی ناوچەکە" هەست بە کاریگەرییەکە دەکەن.