وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بۆ رووداو: کەمتر لە 30٪ی پشکی ئاومان پێدەگات

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق دۆخی ئاو لە عێراق بە قەیراناوی ناودەبات و دەڵێ، رێژەی ئاوی گلدراوە کەمترە لە 8٪ و ئەوە "نزمترین رێژەی ئاوی گلدراوەیە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دۆخی ئاو لە عێراق ئاڵۆز و قەیراناوییە، چونکە زیاتر لە 70٪ـی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتن و کەمبوونەوە و کورتهێنانێکی گەورەش لە پشکی ئاوی عێراق هەیە."
 
خالید شیمال گوتی: "ئەو ئاوەی ئێستا دەگاتە عێراق، کەمتر لە 30٪ـی پشکی شایستەی خۆیەتی، لەکاتێکدا رێژەکە ساڵی رابردوو دوو هێندە بوو. ئێستا ئاوی گلدراوە کەمترە لە 8٪ کە ئەوەش نزمترین رێژەی ئاوی گلدراوەیە لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا."
 
خالید شیمال گوتی: "کەمبوونەوەی ئاو کاریگەریی تەواوی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، کەرتەکانی دیکە و زۆنگاوەکان و شەتولعەرەب هەبووە، جگە لەوەی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ زۆرێک لە ناوچە دوورەدەستەکان هەبووە."
 
5ی ئەم مانگە، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، تورکیا بەڵێنی زیادکردنی بڕی ئاوی بەردراوەی لە بەنداوەکانی تورکیاوە بۆ عێراق داوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی: "حکومەتی عێراق لەگەڵ تورکیا، ئێران و سووریا لە پەیوەندی و گفتوگۆدایە، بەڵام لە راستیدا وەڵامدانەوەیەکی ئەوتۆ بۆ زیادکردنی پشکی ئاو تاوەکو ئێستا بەدی نەکراوە، بەتایبەتی لە لایەنی تورکیاوە بەردانەوەی ئاو ناجێگیر و پچڕ پچڕە."
 
بە گوتەی خالید شیمال، کەمبوونەوەی بڕی ئاوی بەردراوە بۆ عێراق "پەیوەستە بە کارپێکردنی ئەو بەنداوانەی تورکیا لە 40 ساڵی رابردوودا دروستی کردوون و ژمارەیان دەگاتە 20 بەنداو. کارکردنی ئەم بەنداوانە و گلدانەوەی ئاو تیایاندا زیانێکی گەورە و نەرێنی بە داهاتە ئاوییەکانی عێراق گەیاندووە."
 
خالید شیمال ئاماژەی بەوە کرد، کەمبوونەوەی بڕی بارانبارین لە تورکیا، سووریا، ئێران و عێراقیش "بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی بڕی ئاوی گلدراو و کۆگاکراو."
 
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد: "شێوازە کۆنەکانی ئاودێری کە جووتیاران بەکاری دەهێنن، زیانێکی زۆری گەیاندووە و بووەتەهۆی بەفیڕۆدان و کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو. حکومەت لە رێگەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوەوە چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر، گرنگترینیان جێبەجێکردنی هەڵمەتی نیشتمانییە بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکان کە تاوەکو ئێستا بەردەوامن و هەزاران زێدەڕۆیی لەسەر تۆڕەکانی ئاو لابراون."
 
بەگوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، پێشتر نزیکەی 20 هەزار حەوزی ماسیی زێدەڕۆ لە عێراق هەبوون، بەڵام وەزارەتەکەی تاوەکو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار حەوزی لابردوون و گوتی: "ئەو حەوزە زێدەڕۆییانە زیانی زۆریان بە کەرتی ئاو دەگەیاند."
 
لەبارەی ئاوی خواردنەوە، خالید شیمال رایگەیاند: "وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو سیستمێکی تووندی پشکبەندی و بەنۆرە دابەشکردنی ئاو پەیڕەو دەکات. ئەم سیستمە یارمەتیدەرە بۆ دابەشکردنی ئاو لەنێوان پارێزگاکان و دڵنیابوونەوە لە دادپەروەری لە دابەشکردنەکەدا."
 
خالید شیمال باسی لەوە کرد، وەزارەتەکەی ئاو لە یەدەگی ستراتیژیی بەنداوەکان و دەریاچەکان بەکارناهێنێ، "مەگەر زۆر پێویستی پێی بێت." 
 
بەگوێرەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، عێراق پێویستى بەوەیە لە رێگەى هەردوو رووبارى دیجلە و فوراتەوە 600 مەتر سێجا ئاوى لە چرکەیەکدا بۆ بەربدرێتەوە.
 
1ی تەممووزی ئەم ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. کە بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.