کۆمیسیۆن دوایین ئاماری دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی دەنگدەر، بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی ئاشکرا کرد. بەگوێرەی ئامارەکە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس لە دەنگدانی گشتی و تایبەت لە 47.988 بنکە و وێستگەدا دەنگ دەدەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ژمارەی کۆتایی دەنگدەرانی بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان پەسندکرد و کۆی گشتی دەنگدەران لە سەرانسەری عێراقدا نزیکەی 21 ملیۆن و نیوە."
جومانە غەلای گوتی: "زیاتر لە 900 هەزار کەس داواکارییان پێشکێشکردبوو بۆ ئەوەی وەک کارمەندی دەنگدان وەربگیرێن. لەو ژمارەیە 250 هەزاریان وەردەگیرێن و لە نزیکترین کاتدا ناوەکانیان بڵاودەکەینەوە."
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، ژمارەی دەنگدەران و بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بەم شێوەیە:
- کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران:21.404.291 دەنگدەر
- ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی: 20.063.773 دەنگدەر
- ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت: 1.313.980 دەنگدەر
- ژمارەی دەنگدەرە ئاوارەکان: 26.538 دەنگدەر
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی: 8.703بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی گشتی: 39.285 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی تایبەت: 809 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی تایبەت: 4.501 وێستگە
- ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی ئاوارەکان: 97 بنکە
- ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانی ئاوارەکان: 321 وێستگە
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11-11-2025 بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320ـیان گشتین و 9 کورسیشیان کۆتان.