پاسەوانی سنووری عێراق بۆ رووداو: 99٪ی سنوورەکان بە کامێرا کۆنترۆڵ کراون

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دڵنیایی دەدات لەوەی سنوورەکان بەتەواوی پارێزراون و "هیچ مەترسییەک لەودیو سنوورەوە لەسەر عێراق نییە"؛ دەشڵێت، 99٪ی سەرجەم سنوورەکانی عێراق بە کامێرای چاودێری کۆنترۆڵ کراون و بەردەوامن لە دانانی دیواری کۆنکرێتی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلوولی 2025، عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەدرێژایی 300 کیلۆمەتر لە ئەنبارەوە بۆ موسڵ، سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بە دیوای کۆنکرێتی گرتوون و کار بۆ دانانی کۆنکرێت لە 100 کیلۆمەتری دیکە دەکەین. ئەو کارگە تایبەتەش کە دیوارەکان دروست دەکات بەردەوام دەبێت لە کارکردن تاوەکو سەرجەم سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بە دیوار تووندوتۆڵ دەکەین."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور گوتی: "لە پشت دیوارە کۆنکرێتییەکان لە سنووری سووریا، خەندەقیش بە درێژایی سنوورەکە لێدراوە، ئەوە جگە لەوەی درۆن رۆژانە چاودێری ئەو سنوورە دەکات. هەر درۆنێکیش دەتوانێ رووبەری 80 کیلۆمەتر چاودێری بکات."
 
لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆیەک لە راگەیاندنەکاندا بڵاوبووەوە کە حەشدی شەعبی لە سنووری سووریادا لە هێڵەکانی پێشەوەیە و لەگەڵ گرووپێکی نێو سووریادا پێکدادان روویداوە. عەمید حەیدەر ئەو دەنگۆیەی رەتکردەوە و باسی لەوە کرد: "لە سەرجەم سنوورەکاندا تەنیا هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە هێڵەکانی پێشەوەن و لە پشت ئەوانەوە سوپا و حەشد جێگیرکراون." 
 
بە گوتەی عەمید حەیدەر، "99٪ی سەرجەم سنوورەکانی وڵات، بە کامێرای گەرمیبین کۆنترۆڵ کراون."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور لەبارەی سنووری تورکیا گوتی: "جگە لە کامێرای پێشکەوتوو و گەرمیبین، سنوورەکان بە تەلبەندی BRC تووند و تۆڵ کراون." دەشڵێت: "چاوەڕێی خەرجکردنی بودجەیەکی تایبەتین بۆ ئەوەی لەسەر هێڵی سفری سنووری تورکیا بنکەی چاودێری دروست بکەین."
 
عەمید حەیدەر کەرخی باسی لەوەش کرد: "لەبەر سەختیی جوگرافیای سنوورەکانمان لەگەڵ تورکیا، ناتوانین دیواری کۆنکرێتی دابنێین، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵی کێوی لەو سنوورانەدا دەژین و ناکرێ ژیانیان تێکبدرێ."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور گوتی، پاراستنی سنووری تورکیا "بە هاوئاهەنگییەکی باڵا" لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێ.
 
سەبارەت بە سنووری ئێرانیش ئاماژەی بەوە کرد: "جگە لە کامێراکانی چاودێری و بنکەی پاسەوانی، لە ناوچەی هۆر حوێزەی نێوان مەیسان و بەسرە، بە درێژایی 50 کیلۆمەتر بە خۆڵ سەنگەر دروستکراوە."
 
عێراق لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر، لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر و لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر سنووری هەیە.