حەشدی شەعبی: کەسێکمان لە کاتی دڕاندنی وێنەی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس دەستگیرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، کەسێکیان بە تۆمەتی دڕاندنی وێنەی "سەرکردەکانی سەرکەوتن"دەستگیر کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و دیسپلینی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2025،  لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوە و ئاسایشی خۆپارێزی تۆمەتبارەکەیان لەکاتی دڕاندنی وێنەی سەرکردەکانی سەرکەوتندا دەستگیرکردووە.
 
بە گوتەی دەستەی حەشدی شەعبی تۆمەتبارەکە، راستەوخۆ رەوانەی لایەنە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی. "ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە تاکەکەسین و گوزارشت لە رای گشتیی هاووڵاتییان ناکەن."
 
ئاسایشی حەشدی شەعبی داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن و بەشداربن لە پتەوکردنی ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیدا، ئەوانیش بەردەوام دەبن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پارێزگاریکردن لە سامانی وڵات و سیمبوولەکانی.
 
حەشدی شەعبی دەستەواژەی "سەرکردەکانی سەرکەوتن" (قادة النصر) بۆ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بەکاردەهێنێت. کە هەردووکیان رۆژی 3ـی کانوونی دووەمی 2020، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.