لە نەینەوا تەرمی سەربازێک بە کوژراوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لە ناحیەیەکی پارێزگای نەینەوا تەرمی سەربازێکیان بە سەربڕاوی لە نێو ماڵەکەیدا دۆزییەوە.
 
نەشئەت سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە لە قەزای تەلەعفەر، رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەربازێکی عێراقی لە نێو ماڵەکەیدا لە گوندی (مسلسە) لە ناحیەی عیازییە بە کوژراوی دۆزراوەتەوە. 
 
ناحیەی عیازییە 76 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای شاری موسڵ، ناوەندی پارێزگای نەینەوا دوورە. 
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە، سەربازەکە دەستی بەستراوەتەوە و هەر لە نێو ماڵەکەیدا سەربڕدراوە، تەرمەکەی لە ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە. بەپێی زانیارییە بەراییەکان، تاوانلێکراوەکە کێشەی هۆزایەتی هەبووە، لێکۆڵینەوەکانیش لە بارەی هۆکاری رووداوەکە و دۆزینەوە تاوانکارەکە بەردەوامن. 
 
قەزای تەلەعفەر لە ناحیەکانی عیازییە، زوممار و رەبیعە پێکهاتووە، هەرسێ ناحیەکە مادەی 140 دەگرێتەوە.  
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ساڵی رابردوو نزیکەی پێنج هەزار و 300 تاوانی کوشتن لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق تۆمارکراون.