48 بەربژێر یەکى 2 میلیۆن دینار سزادران و سکاڵاى دژ بە دوو وەزیرى بەربژێر رەتکرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق سزاى پێبژاردنى دوو ملیۆن دینارى 48 بەربژێری دا و سکاڵاى دژ بە دوو وەزیرى حکومەتى فیدراڵى رەتکردەوە کە بەربژێر و سەرلیستن.
 
بڕیارەکان لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە لە نێوان 13 بۆ 15ى تشرینى یەکەمى 2025 دەرکراون، کە تایبەتن بە پرسى بانگەشەى هەڵبژاردن و دۆخى یاسایی بەربژێرانی پەرلەمانى عێراق.
 
48 بەربژێر سزادران
 
بەگوێرەى سێ بڕیارى جیاى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، 48 بەربژێرى پەرلەمانى عێراق هەریەکەیان بە دوو ملیۆن دینار سزاى پێبژاردن دراون.
 
سزادانى ئەو بەربژێرانە پەیوەندیدار بووە بە پێشێلکردنى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن کە لە 3ى تشرینى یەکەم دەستىپێکردووە. سەرپێچییەکان بریتىبوون لە هەڵواسینى وێنە و پۆستەر لەو شوێنانەى کە رێگەپێدراو نین.
 
13 لەو بەربژێرانەى سزادران لە لیستى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوون کە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرلیستیەتی. پێنج-یان لە لیستى دەوڵەتى یاسا بوون کە نوورى مالیکى، سەرۆکى حیزبى دەعوە، سەرلیستیەتی دەکات.
 
سکاڵا دژ بە دوو وەزیرى بەربژێر رەتکرایەوە
 
ئەنجوومەنى کۆمیسیاران سکاڵایەکى سەلوان ئەحمەد خەلەفى رەتکردووەتەوە کە لە دژى محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانى عێراق پێشکێشى کردبوو کە بەربژێرە.
 
محەممەد تەمیم سەرلیستى هاوپەیمانى تەقەدوومە لە پارێزگاى کەرکووک کە محەممەد حەلبووسى سەرۆکایەتى ئەو پارتە دەکات.
 
سکاڵاکەى دیکە کە رەتکراوەتەوە لەلایەن ئەحمەد جبوورى ناسراو بە ئەبوو مازن، ئەمینداری گشتیى پارتى جەماوەرى نیشتمانى، لەدژى ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەى عێراق، پێشکێش کرابوو کە لە پارێزگاى سەلاحەدین بەربژێرە.
 
ئیبراهیم جبوورى سەرلیستى هاوپەیمانیى تەفەوقە لە سەلاحەدین کە یەکێکە لە لیستە سوننەکان.
 
هەردوو سکاڵاکە پەیوەندیدار بوون بە پێشێلکردنى رێکارەکانى بانگەشەى هەڵبژاردن و بەکارهێنانى پۆستەکانیان بۆ بانگەشە.
 
سێ رۆژ دەرفەت بۆ چوار بەربژێر
 
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران ئەوەیە سێ رۆژ دەرفەتى داوەتە چوار بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بۆ ئەوەى بەڵگەنامەى پێویست پێشکێش بکەن بۆ سەلماندنى ئەوەى دەستیان لەکار کێشاوەتەوە لە ئەرکى فەرمییان لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق.
 
ئەو بەربژێرانە لە دیالە، بەغدا، ئەنبار و مەیسانن. بەگوێرەى بڕیارەکە، ئەگەر لەو سێ رۆژەدا ئەو بەڵگەنامانە پێشکێش نەکەن، لە بەربژێری دوور دەخرێنەوە.
 
بە گوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، هەر بەربژێرێک کە سەر بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان بێت، پێویستە دەست لەکار بکێشێتەوە بۆ ئەوەى بەربژێربوونى پەسەند بکرێت.