بەربژێرانی کریستیان کێبڕکێ لەسەر 5 کورسیی کۆتا دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرانی کریستیان لەسەر ئاستی عێراق کێبڕکێ لەسەر 5 کورسیی کۆتا دەکەن، چوار لەو کورسییانە دەکەونە باشووری کوردستان و یەکێکیشیان لە بەغدایە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، 9 کورسیی کۆتا بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون، کورسییەک بۆ کوردانی ئێزدی لە نەینەوا، کورسییەکی دیکە بۆ کوردانی شەبەک لە هەمان پارێزگا، یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی لە واست، یەک کورسی بۆ سابیئەی مەندائی لە بەغدا و 5 کورسییش بۆ کریستیانەکان.
5 کورسییەکەی کریستیانەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک، کەرکووک، نەینەوا و بەغدا دابەشکراون، بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردن، دەنگدەران لە سەرانسەری عێراق دەتوانن دەنگ بە بەربژێرانی کۆتای کریستیانەکان بدەن، ئەمەش کێبڕکێکەی گەرمتر کردووە.
ژمارە و ناوی بەربژێرانی کریستیان بەگوێرەی پارێزگاکان:
هەولێر: چوار بەربژێر
- سائیرە یوسف عەزیز (342)
- کلدۆ رەمزی هورمز شابۆ (336)
- هیبە جەرجیس عەبدولئەحەد (332)
- ئاگوب گریگۆر ئاگوب (317)
دهۆک: چوار بەربژێر
- عەمانوئێل خۆشابە یوخەننا (314)
- سامی ئۆشانە گۆرگیس (320)
- ئەسیر ئیبراهیم یوحەننا (326)
- ئەنجیلە ئەندریۆس شابۆ (329)
کەرکووک: حەوت بەربژێر (زۆرترین ژمارە)
- عیماد یوخەننا یاقۆ (300)
- شەمیرام شەمعوون ئسڵێوە (309)
- شەمیران مرۆکی شەمعوون ئەدیشۆ (319)
- دورەید جەمیل ئەیشوع سەمعان (325)
- ئەمیل پترۆس قوستەنتین (328)
- ئاتوور داود یوناسان (339)
- سەرکۆن لازار سلێوە (348)
نەینەوا: دوو بەربژێر
- ریاز قەیرۆ حەننا مێخا (337)
- ئەسوان سالم سادق ساوا کلدانی (346)
بەغدا: چوار بەربژێر
- ئیمان بنیامین یوسف حەننا (302)
- ئیڤان فائق یەعقوب زیا جابرۆ (318)
سامی ئۆشانە گۆرگیس، بەربژێری کریستیان لە پارێزگای دهۆک، رۆژی چوارشەممە، 15-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەموو عێراق کریستیان خۆیان بۆ بەدەستهێنانی پێنج کورسییەکەی کۆتا بەربژێر کردووە، هەموو عێراق کراوەتە یەک بازنە و خەڵک لە هەموو پارێزگاکانەوە دەتوانن دەنگیان پێبدەن، دواتر لە هەر پارێزگایەک، ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، سەردەکەوێت و دەبێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق."
ئەو بەربژێرە رەخنەی لە سیستمەکە هەیە و دەڵێ، "لە دهۆک چوار بەربژێر هەن، کامەیان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا، ئەو سەردەکەوێت، ئێمە پێمان باش بوو کریستیانەکان تۆماری دەنگدەرانی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆ ئەوەی هەر کریستیانێک تەنیا دەنگی بە بەربژێری پارێزگاکەی خۆی بدات، بەڵام بەپێی ئەم سیستەمە، هەموو دەنگدەرێک، کریستیانیش نەبێت، دەتوانێت دەنگ بدات، ئەمەش گونجاو نییە."
ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو
لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، لە کۆی پێنج کۆتای کریستیانەکان، بزووتنەوەی بابلیۆنی بە سەرۆکایەتی رەیان کلدانی چوار کورسی بەدەستهێنا، کە بریتی بوون لە (بەیدا خزەیر بەهنام یەعقوب؛ دورەید جەمیل ئەیشووع؛ هیبە جەرجیس عەبدولئەحەد؛ ئەسوان سالم سادق ساوا کلدانی)، کورسییەکەی هەولێریش فاروق حەننا عەتۆ شەمعون بەدەستی هێنا، کە لەلایەن حیزبی شیوعی کوردستانەوە پشتیوانی کرا.
سائیرە یوسف عەزیز بەربژێری کۆتای کریستان لە پارێزگای هەولێر (ژمارە 342) رۆژی چوارشەممە 15-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهێزكردنی بەشداری سیاسی خەڵک بەگشی لە ناوەندەكانی بڕیار بەلای ئێمە بابەتێكی زۆر گرنگە، چونكە كەمینەیەكی دیاریكراو لە عێراقدا دەستیان بەسەر ناوەندەكانی بڕیار و سەرچاوەكانی داهات و هێزە ئەمنییەكانیش داگرتووە، ئەوەش وایكردووە دەسەڵاتێكی بێ کۆنتڕۆڵ و كۆمەڵگەیەكی لاوازمان هەبێت."
سائیرە یوسف عەزیز دەڵێت، "بەهێزكردنی بەشداری سیاسی پێكهاتەكان لەم چوارچێوەگشتییەدا پێویستی بە كۆمەڵێك گەرەنتی یاسایی و رێنمایی هەیە بۆ دروستكردنی ژینگەیەك پێكهاتەكان بتوانن رۆڵیان لە بەشدارییەكی سیاسی راستەقینەدا هەبێت، نەك وەکو سیمایەکی سیاسی بەكار بهێنرێن و پەراوێزبخرێن."
ئەو پێیوایە، "تەنیا جیاكردنەوەی لیستی دەنگدەرانی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن ناتوانێت گەرەنتیی بەشدارییەكی سیاسی مانادار بۆ پێكهاتەكان دەستبەر بكات، چونكە دیموكراسی تەنیا بریتی نییە لە دەنگدان، لەوە گرنگتر، شوناسی پێكهاتە و دەسەڵاتی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و چۆنیەتی راڤەکردنی مادەكانی دەستوور خاڵی گرنگن."
گوتیشی، "كار دەكەین لەسەر بنەمای چەمكی هاووڵاتیبوون حوكمرانی بکرێت، بەبێ هێنانەدی حكومرانی هاووڵاتیبوون و دانایی لە بەڕێوەبردندا ، هەروەها جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە یەكدی ناتوانین گەرەنتیی مافی هیچ پێكهاتەیەک و هەرێمی كوردستانیش بكرێت."
بە بڕوای ئەو، "سنووردانان بۆ دەسەڵاتی مەزهەبی و رووبەروو بونەوەی گەندەڵی و دووبارە دابەشكردنەوەی سامان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی، ئەركی لە پێشینەیە."
حیزبی شیوعی دەیەوێت سیناریۆی رابردوو دووبارە بکاتەوە
حیزبی شیوعی کوردستان دەیەوێت سیناریۆی هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق دووبارە بکاتەوە و لە رێگەی پاڵپشتیکردنی بەربژێرێکی کۆتای کریستیانەوە لە پارێزگای هەولێر، کورسییەک مسۆگەر بکات.
هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی کوردستان،رۆژی دووشەممە 13-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حیزبی شیوعی کوردستان وەکو لیست بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی نەکردووە، بەڵکو پاڵپشتی لە سائیرە یوسف عەزیز سلێوە، بەربژێری کۆتای کریستیانەکان لە پارێزگای هەولێر بە ژمارە 342 دەکات."
هیوا عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، "هاوڕێ سائیرە یەکێکە لە تێکۆشەرانی حیزبی شیوعی، هاوژینی شەهید کارزانە و باوکیشی شەهیدی حیزبە، لە بنەماڵەکەیاندا نزیکەی 35 شەهیدیان داوە."
گوتیشی، "سەرجەم رێکخستنەکان و لایەنگرانی حیزب، لە پارێزگاکانی دیکەش دەنگ بە هاوڕێ سائیرە دەدەن، بۆ ئەوەی دەربچێت و ببێتە ئەندامی پەرلەمان."
لە هەڵبژاردنی رابردوودا، حیزبی شیوعی بە هەمان شێوە پشتگیری لە بەربژێرێکی کۆتای کریستیانەکان کرد و فارووق حەننا عەتۆ شەمعون بووە ئەندامی پەرلەمان. هیوا عومەر گوتی، "هاوڕێ فاروق پێشمەرگەیەکی دێرینی حیزبی شیوعی بووە و پشتگیریمان کرد بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی پەرلەمان."