چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە جیا کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڕیاری دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان کۆبوونەوەی نائاسایی دەکات و دواتریش هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆدەبێتەوە. حەلبووسیش بایکۆتی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات. 
 
عەباس عامری، بڕیاردەری چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی نائاسایی دەکات و دواتریش هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆشکی حکومی کۆدەبێتەوە. 
 
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، 14-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی لە ئەندامێتیی پەرلەمان دوورخستەوە کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
 
ئێوارەی دوێنی سێشەممە، دوای  بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، حیزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی کۆبووەوە، چوار بڕیاری سەرەکی دەرکرد کە بریتی بوو لە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە حکومەتی فیدراڵی کە بریتین لە د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان، د. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان، د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان و بایکۆتی سیاسیی ئەندامانی حیزب لە دانیشنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران. 
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لە زۆربەی لایەنە شیعەکان پێکهاتووە، جگە لە رەوتی سەدر. هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گەورەترین هاوپەیمانێتییە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021ـەوە پێکهێنراوە، جگە لە زۆرینەی لایەنە شیعەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوپەیمانیی سەرەوەریی سوننەکان و چەندین لایەنی دیکە لەخۆدەگرێت و پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراقە، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی دەکات.