کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 102 سکاڵا تۆمار کراون و زۆربەیان کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نابێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێ، 102 سکاڵا تۆمارکراون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ زۆربەیان کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نەبێ.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 15-11-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆی گشتیی سکاڵاکانی رۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە 102 سکاڵا.
رۆژی یەکشەممە 09-11 دەنگدانی تایبەت و رۆژی سێشەممە 11-11-2025 دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. بە گوتەی غەلای، لەو ژمارەیە 59 سکاڵایان تایبەتن بە دەنگدانی گشتی و 43ـی دیکەیان تایبەتن بە دەنگدانی تایبەت.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاند؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمیسیۆن دەستی بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆربەیان وەک زەرد و ژمارەیەکی کەمیان وەک سەوز پۆلێن کراون کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نابێ.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، سکاڵا زەردەکان، ئەو سکاڵایانەن کە مەرجی یاساییان تێدا نییە و لە بنەڕەتدا رەت دەکرێنەوە؛ سکاڵا سەوزەکانیش ئەو سکاڵایانەن کە بانگەشەی بوونی سەرپێچیی کارمەندانی کۆمیسیۆن، بانگەشەی هەڵبژاردن لە رۆژی دەنگدان یان سەرپێچیی هێزە ئەمنییەکان لە بنکەکانی دەنگدان لەخۆدەگرن. ئەم جۆرە سکاڵایانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی کارگێڕییە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نییە.
حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، هەموو ئەو تانانەی لەبارەی ئەنجامی دەنگدانەوە بەدەستیان گەیشتوون بە سکاڵا هەژماردەکرێن، نەوەک تانەی یاسایی و گوتی، هیچ سکاڵایەکی سوور تۆمار نەکراوە.
بەگوتەی حەسەن سەلمان، ئەو دەنگانەی لە وێستگەکانەوە نەنێردراون سنووردارن و کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نابێ.